بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە لە بەرواری باڵا ئاگرکەوتەوە؛ '2400 دۆنم زەوی سووتاوە'

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
ئاگرکەوتنەوەکەی گوندی ئەلکیشکێ.
ئاگرکەوتنەوەکەی گوندی ئەلکیشکێ.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە دەڤەری بەرواری باڵا ئاگرێکی بەهێز کەوتووەتەوە و گەیشتووەتە نێو گوندی ئەلکیشکێ، هاونیشتمانییانی خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، سەرەتا دەنگی تەقینەوەی بەهێز هاتووە، دواتر ئاگرەکە کەوتووەتەوە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن. رێکخراوێکی ئەمریکیش دەڵێت، نزیکەی دوو هەزار 400 دۆنم زەوی بەهۆی "بۆردوومان و تۆپباران"ـەکەی ئەمڕۆ سووتاوە. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-08-2024، لە دەڤەری بەرواری باڵا لە پارێزگای دهۆک بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاگرێکی بەهێز سنووری چەند گوندی گرتووەتەوە. غەریب مەجید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ژمارەیەک دانیشتووانی گوندی ئەلکیشکێ لە نێو گوندەکەدا گیریان خواردووە.
 
هاونیشتمانییەکی خەڵکی گوندی ئەلکیشکێ بە رووداوی راگەیاند، دۆخێکی زۆر خراپە، هەردوو لای رێگەی گوندەکە بووەتە ئاگر و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ئەستەمە.
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و دۆخی گوندەکە زۆر خراپە، ئاگر گەیشتووەتەوە خانووەکان و لەوانەیە هیچ شتێک نەمابێت و خانوو و ئاژەڵەکان هەمووی تێدابچن.
 
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـیی ئەمریکی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی بەردەوامی شەڕ و بۆردومانی چڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپبارانەکانی تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ئاگر گەیشتووەتە ناو گوندەکانی مێرگا قەسرێ، گرێ سۆر، ئەلکیشکێ، جمبلکێ و بێلیزانێ."
 
ئەو ئەندامەی سی پی تی گوتیشی کە ئاگرەکەی گوندی ئەلکیشکێ گەیشتووەتە ناو ماڵی گوندنشینان و باخ و بێستانی جوتیارەکان و گۆڕستانی گوندەکەشی گرتۆتەوە. بەهۆی بڵێسەی ئاگرەکە، شەقامی سەرەکی بۆ چوونە ژوورەوە یاخود هاتنە دەرەوە لە ناو گوندەکە داخراوە.
 
باس لەوەش دەکات، ژمارەیەک لە گوندنشینان توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن و لە گوندەکە بێنە دەرەوە، بەڵام ئێستا 19 خێزانی ناو گوندەکە گیریان خواردووە و داوای بە هاناوەچوون دەکەن بۆ دەربازکردنیان.
 
بەگوێرەی رێکخراوەکە، رێژەی دارستان و پووش و پاوەنی سوتاو بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی سوپای تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، بە دوو هەزار و 400 دۆنم زەوی دەخەمڵێندرێت.
 
گوندی ئەلکیشکێ نزیکەی 40 ماڵ دەبێت، ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی دا، ''دۆخی خەڵک زۆر خراپە، ئەوەی ئۆتۆمبێلی هەبێت رۆیشتووە و ئەوەی ئۆتۆمبێلیشیی نییە ماوەتەوە.''
 
لەبارەی دروستبوونی ئاگرەکەشەوە دەڵیت، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە نزیک گوندی (چەملکێ) بیستراوە، دواتر ئاگرکەوتنەوەکە روویداوە، ''جارێک ئاگرەکەمان کۆنترۆڵ کرد، بەڵام شەوی رابردوو دووبارە سەریهەڵداوەتەوە.''
 
هاونیشتمانییەکی دیکە کە بە ئۆتۆمبێلێکەوە لە گوندی ئەلکیشکێ هاتەدەر، بە رووداوی گوت: "خەڵکێکی زۆر لە نێو گوندەکەدا ماون، هەمووی دۆخیان باشە، بەڵام پێویستە بێنە درەرەوە.''
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد، ئاگرەکە گەیشتووەتەوە نێو گوند، "بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، گۆڕستانی گوندەکە سووتاوە، بەڵام خانووەکان نەسووتاون.''
 
بەپێی زانیارییەکان سەرەتا ئاگرەکە لە باشووری بەرواری باڵا کەوتووەتەوە و دواتر گەیشتووەتە باکووری ناوچەکە و زەویوزار، پووش و پاوانێکی زۆر و رێگەی گوندەکانی گرتووەتەوە.
 
تاوەکو ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی، پۆلیسی دارستان و هاونیشتمانییان نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن. غەریب مەجید پەیامنێری رووداو دەڵیت: ''بە هەزاران دۆنم زەوی و دارستان سووتاون و تەنیا یەک ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە لە شوێنی رووداوەکە هەیە.''
 
 
 
 
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆیۆمبێلێکی حەشدی شەعبی لەکاتی کشانەوەی

فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بۆ رووداو: بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە چووینە گەرمیان

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە دیالە لەبارەی چوونی هێزێکیان بۆ سنووری گەرمیان بە رووداوی گوت بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بووە و بە هائاهەنگی بووە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە.