رووداو دیجیتاڵ
باندێکی "هەرە مەترسیداری بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر" کە کۆگەیەکیان لە یەکێک لە باخەکانی دەوروبەری هەولێر هەبووە، بە 85 کیلۆگرام کریستاڵەوە دەستگیرکران.
بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکردنی ئەو باندەی راگەیاند، دەشڵێ 85 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری کریستاڵیان پێ گیرا.
بەپێی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، کە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25-8-2024) بڵاوی کردووەتەوە "لە پرۆسەیەکی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد کە نزیکەی هەفتەیەکی خایاند، دواتر وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوون و چاودێری، لە چالاکییەکدا توانییان باندێکی مەترسیداری ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن."
باندەکە پێکهاتوون لە سێ تۆمەتبار. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر، دەرکەوتووە "ئەم باندە کۆگەیەکیان لە یەکێک لە باخچە (مەزرەعەکانی) دەوروبەری شاری هەولێر هەیە و، ئەم ماددە هۆشبەرانەیان لە سنووری قەڵادزێوە دەهێنا بۆ ئەم کۆگایە، پاشان لە شاری هەولێر و دهۆک و چەند شارێکی دیکە ساخیان دەکردەوە."
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ "ئەم باندە بە یەکێک لە باندە هەرە مەترسیدارەکانی ماددەی هۆشبەر هەژمارە دەکرێ، وەک لە دانپێدانانی ئەندامانی باندەکەش دەرکەوتووه؛ مانگانە زیاتر لە 100 کیلۆگرامیان لە هەولێر، دهۆک و شارەکانی دیکە ساخ دەکردەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ