رووداو دیجیتاڵ
لە شارباژێر بەراز زیانی زۆری بە باخ و دەخڵوودانی جووتیاران گەیاندووە. مام رەسوول کە لە منداڵییەوە لەنێو باخدا کار دەکات، دەڵێت، ئەوەی بەبیری بێت، هیچ شتێک هێندەی بەراز زیانی پێنەگەیاندوون.
ئەو جووتیارە بەدەم خواردنی میوەی باخەکەیەوە بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی، "وەڵا ژیانمان نەماوە بەدەست بەرازەوە، هەرچی دەکەین ئەوان دەیخۆن، نۆک، ماش، گەنم، هەرمێ و ترێ هەموو شتێک دەخوات. لە 10 باری ترێ، نایەڵێت سوود لە دووانیان وەرگریت و هەمووی دەخۆن."
ژنێکی جووتیار لە شارباژێڕ کە بە رۆژ پاسەوانی لە دەخڵودانی دەکات، دەڵێت، شەوانیش تەق تەقەی بۆ دوورخستنەوەیان داناوە. لەنێو باخەکەی لەگەڵ دروستکردنی کولێرەکانی گوتی، بەراز لە دوو هەفتەدا زیاتر لە دوو هەزار و 500 دۆلار زیانی پێگەیاندووە.
خەجیجە مەحموود، جووتیار بە رووداوی راگەیاند، "وەڵا ژیانمان نەماوە، بەخوا وامان لێهاتووە چۆڵی بکەین، کاکە بەراز هیچی بۆ نەهێشتووین، هەرچی دەیکەین، ئەو دەیخوات، مێوەکانمی هەموو شکاندووە، دار و گۆڵە ئاوەکانی هەموو وێران کردووم."
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی نایشارێتەوە کە ژمارەی بەرازەکان زیاد بووە، بەڵام ئامارێکی دروستیان لەبەردەستدا نییە. هۆکاری زۆربوونیشیان بۆ راونەکردنیان گەڕاندەوە کە رێکخراوە ئاژەڵ دۆستەکان رێگری لێدەکەن.
جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ گوتی، "هەر ئاژەڵێک زۆربوو، زیانی زیاتر بوو، دەبێت وەکو وڵاتان لەناوببرێن بە رێگەی راوکردن، بەڵام بە یاسایی."
سزای راوکردنی بەراز لە هەرێمی کوردستان دوو جۆرە؛ پێبژاردنێک کە لە 300 هەزار دینار دەستپێدەکات یان سزاکەی بەندکردنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ