بەرپرسێکی لۆڕستان: نیوەی قوتابخانەکانی پارێزگاکە لە لێواری رووخاندان

25-08-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نۆژەنکردنەوە، گەشەپێدان و ئامادەکردنی قوتابخانەکانی لۆڕستان دەڵێت، نیوەی قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە کۆنن، لە لێواری رووخاندان و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە یان دووبارە دروستکردنەوە هەیە.
 
رەزا موراد سەحرایی، وەزیری پەروەردە و فێرکردنی ئێران بە سەردانێک لە پارێزگای لۆڕستانە و چەندین پڕۆژەی تایبەت بە سێکتەری پەروەردە، بەتایبەت چەند قوتابخانەیەکی کردەوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نۆژەنکردنەوە، گەشەپێدان و ئامادەکردنی قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە دەڵێت، نیوەی قۆتابخانەکانی لۆڕستان کۆنن، بە کەڵکی خوێندن نایەن و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.
 
یونس بەهاروەند ئێرانیا، بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانی قوتابخانەکانی لۆڕستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پەروەردەی ئەو پارێزگایەدا بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردەی ئێران رایگەیاند، "بە پشتبەستن بە تۆماری فەرمیی قوتابخانەکان، 28%ی قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە لە دۆخێکی زۆر خراپ و لە لێواری رووخاندان و دەبێت سەرلەنوێ دروستبکرێنەوە، 22%یان لە دۆخێکی خراپدان و دەبێت نۆژەن بکرێنەوە."
 
یونس بەهاروەند ئێرانیا گوتی، کۆنبوونی ژمارەیەکی زۆری قوتابخانە لە لۆڕستان، یەکێکە لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی بەردەم سێکتەری پەروەردە لەو پارێزگایە.
 
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە، ئێستا 187 قوتابخانە لە لۆڕستان دروستدەکرێن و هەوڵدەدرێت ئەو پڕۆژانە لە کاتێکی نزیکدا تەواو بکرێن و رادەستی کەرتی پەروەردە بکرێن. 60 قوتابخانەی لە بەرد دروستکراویش لە لۆڕستان هەن و لە پلانی وەزارەتدایە کۆتایی بەمجۆرە قوتابخانانە بهێنێت.
 
یەحیا ئیبراهیمی، نوێنەرێکی لۆڕستان لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لەو پارێزگایەدا زیاتر لە 1000 قوتابخانەی کۆن هەن، کە لە لێواری رووخاندان، هەروەها 500 قوتابخانەش لە کابینەدان.
 
یەحیا ئیبراهیمی دەڵێت، دۆخی پەروەردە لە پارێزگای لۆڕستان باش نییە و رەخنە لەوە دەگرێت کە بودجەی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی پەروەردەی ئەو پارێزگایە تەرخان ناکرێت.
 
ئیبراهیمی پێیوایە کێشەکانی کەرتی پەروەردەی لۆڕستان تەنیا بە دروستکردنی 170 قوتابخانە چارەسەر نابێت، داوای کرد حکومەت هەموو تواناکانی بۆ باشترکردنی دۆخی پەروەردە لەو پارێزگایە بخاتە گەڕ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە