پەرلەمانتارێک: وەزارەتی شەهیدان خەمساردە لە هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان
رووداو - دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی لیژنهى كاروبارى شههیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان دەکات، بەڵام ئەوە لە ئاست چاوەڕوانی کەسوکاری ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستاندا نییە.
رۆژی پێنجشەممە 25-8-2022 ژیان تاهیر، جێگری سەرۆکی لیژنهى كاروبارى شههیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان میوانی بوولتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ رووفاتێکی ئەنفالکراوانی بادینان نەگەڕێندراوەتەوە".
ژیان تاهیر گوتی: "لە دوایین کۆبوونەوەی لیژنەکەمان من و سەرۆکی لیژنە پێداگریمان کرد کە پێویستە رووفاتی ئەنفالکراوانی بادینان بگەڕێندرێنەوە، بۆیە هەم وەکو لیژنە و هەم وەکو فراکسیۆنی پارتی بە جیدی کار لەسەر ئەو مژارە دەکەین".
ئهمڕۆ 34 ساڵ بەسەر ئهنفالى باديناندا تێدەپەڕێت كه وهكو دوا قۆناخى ئهنفال له 25ى ئابهوه تاوەکو 6ى ئهيلوولى 1988 سوپاى ئەوکاتی عێراق بەرامبەر پێكهاته جياكانى خهڵكى بادينان کردی و هەزاران هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان شەهید و بێسەروشوێن و ئاوارە كران و سەدان گوندیش خاپوور بوون.
سەبارەت بە شوێنی ئەنفالکراوانی بادینان، جێگری سەرۆکی لیژنهى كاروبارى شههیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "هەندێک زانیاری لەبارەی شوێنی رووفاتەکان هەیە، بەڵام پێویستە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق بەجددی بەدواداچوون بۆ ئەو زانیارییانە بکات".
ژیان تاهیر گوتیشی: "هەرچەندە وەزارەت لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەکات، بەڵام ئەوە لە ئاست چاوەڕوانیی کەسوکاری ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستاندا نییە".
پڕۆژەی بەمۆزەخانەکردنی قەڵای نزارکێ لە دهۆک بۆ ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە. بڕیاربوو ئەو پڕۆژەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی ئەنفال جێبەجێ بکرێت.
ژیان تاهیر لەوبارەیەوە دەڵێت: "قەڵای نزارکێ بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری تاوانەکانی رژێمی بەعسە و سامانی هەرێمی کوردستانە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی پێبدات و ببێتە دەروازەیەک بۆ راکێشانی سەرنجی بیانییەکان بۆ سەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر کورد کراوە، وەک فراکسیۆنی پارتی کارمان لەسەر کردووە و بەمزووانە یاداشتێک دەدەینە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
لە ناوچەی بادینان کۆمەڵێک برینداری چەکی کیمیایی هەن کە تاوەکو ئێستا مووچەیان نییە. ژیان تاهیر دەڵێت "تازە خەریکە لیژنەیەک دروستبکرێت بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت و لە راستی و دروستیی برینداربوونیان بە چەکی کیمیایی بکۆڵرێتەوە، ئەوەی کە دوای 34 ساڵ تازە ئاوڕیان لێدەدرێتەوە، لەپێش هەموواندا ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ خەمساردیی بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی ناوچەکە".