لە لوڕستان دوو برا لەسەر موڵک دەبێتە شەڕیان؛ شەش کەس کوژراون


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی پۆلیسی دڵفان لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە شەڕی نێوان دوو خێزاندا کە هەردووکیان بران شەش کەس کوژران.
 
فەزڵوڵڵا مەنسووری، فەرماندەی پۆلیسی دڵفان لە پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، دوای ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-8-2022 لە رێگەی تەلەفۆنەوە لە شەڕی نێوان دوو خێزانی ئەو شارە، ئاگادار کراونەتەوە، هێزەکانی پۆلیس خۆیان گەیاندووەتە شوێنەکە.
 
سەبارەت بە هۆکاری شەڕەکە مەنسووری گوتی، دوو برا لەسەر موڵک شەڕیان بووە و یەکێک لە براکان 5 کەس لە ئەندامانی خێزانی براکەی دیکەی کوشتووە و کەسێکیش بریندار بووە، کە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دڵفان، ئەویش گیانی لەدەستداوە.
 
بەگوتەی فەرماندەی پۆلیسی دڵفان؛ بکوژەکە لە ماوەی کاژێرێکدا لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و دانی پێداناوە کە بەهۆی ناکۆکییان لەسەر موڵک و زەوی لەگەڵ براکەی تووشی شەڕ بوون و 6 کەسی لە خێزانی براکەی کوشتووە.