دژە تیرۆری کوردستان: بە 9 مووشەک بنکەی سەربازیی تورکیا لە زێلکان مووشەکباران کرا

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان رایگەیاند، بنکەی سەربازیی تورکیا لە سنووری ناحیەکە مووشەکباران کراوە. دژە تیرۆری کوردستان دەڵێت، بە نۆ مووشەک بنکە سەربازییەکەی تورکیا مووشەکباران کراوە.

محەممەد ئەمین، بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەدەستیان گەیشتووە، چەند مووشەکێک لەنێو بنکە سەبازییەکە کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام زانیاری لەبارەی زیانەکان نەزانراون.

دژە تیرۆری کوردستان لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاندووە، هێرشە مووشەکییەکە کاژێر 13:50 بە نۆ مووشەک بووە، مووشەکەکانیش لە جۆری "گراد"ن و لە دەوروبەری سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە و "هیچ زیانێکی گیانی و ماددیان لێ نەکەوتووەتەوە."

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دژە تیرۆری کوردستان بڵاویکردووەتەوە، "مووشەکەکان لەنێوان گوندی فازڵییە و کانوونە لە سنووری ناحیەی باشیک لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە جۆری کیا ئاراستە کراون، بەهۆی کاریگەریی مووشەکەکانەوە ئۆتۆمبێلەکە سووتاوە."

رۆژی 15-08-2022 دوو مووشەک ئاراستەی بنکەی سەربازیی زیلکان کران. بەپێی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان "یەکێک لە مووشەکەکان لەناو بنکە سەربازییەکە کەوتووەتە خوارەوە" و ئەوی دیکەش لە دەوروبەری گوندی گوداد کەوتووەتەخوارەوە.
 
سەربازگەکەی تورکیا لە ساڵی 2015 لە سنووری ناحیەی زێلکان لە قەزای شێخان دامەزراوە و تاوەکو ئێستا چەند جارێک هێرشی مووشەکی کراوەتەسەر. بنکە سەربازییەکە بۆ مەبەستی مەشق و راھێنانی سەربازانی حەشدی وەتەنی دروستکرابوو، کە ھێزێکی سوننەی عێراقییە.