رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی باڵای دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە بارەگای بارزانی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە و، ئێستاش لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی لە کۆبوونەوەدان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25-08-2021، بەهرۆز فەرەیدوون، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: ئەو شاندەی کە بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، لە بارەگای بارزانی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە و، دواتر سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتییان کرد و لەوێ لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە.
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، ئامانجی سەردانی شاندە باڵاکەی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی بۆ هەرێمی کوردستان بەتەنیا بینینی سەرکردە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
ئەجێندای سەردانەکەش بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، کە بڕیارە لە 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
سەردانەکەش لە کاتێکدایە بەشێک لە لایەنەکانی عێراق کشانەوەی خۆیان لە هەڵبژران راگەیاندووە، دیارترینیشیان رەوتەکەی موقتەدا سەدرە کە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکات، لایەنە سیاسییەکانیش لە گفتوگۆدان بۆ ئەو پرسە کە ئایا لە کاتی خۆیدا بکرێت یان نا.
لایەنە شیعەکان لە کۆبوونەوەی شەوی رابردوو بە ئامادەبوونی نوێنەری دەوڵەتی یاسا لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردن بۆ 22ـی نیسانی ساڵی داهاتوو رێککەوتن. چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەم بابەتە پرسی سەرەکی بێت.
سەردانەکەی نووری مالیکی بۆ هەولێر یەک رۆژ دەخایەنێت و دەگەڕێتەوە بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ