کاکەمین نەجاڕ: لە هەڵبژاردنی ئەمجارەش لە باڵەکایەتی هەر یەکەم دەبین

 
رووداو - چۆمان

پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی یەکی پارێزگای هەولێر دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد. لە بازنەی یەک کە قەزاکانی سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگەسۆر و شەقڵاوە دەگرێتەوە، پارتی چوار بەربژێری هەیە و چاوی لەوەیە هەر چواریان سەرخات و زۆرینەی دەنگەکانی باڵەکایەتییش بەدەستبێنێت.
 
کاکەمین نەجاڕ، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت "ئێمە دیراسەتی خۆمان کردووە و بەگوێرەی هەڵبژاردنی رابردوو پێشبینی دەکەین هەر چوار بەربژێری بازنەکە سەرکەوتن بەدەستبێنن؛ هەرچی دەنگدەرانی ئەو ناوچەشن کە لە رابردوودا پارتی لە باڵەکایەتی دەنگی یەکەمی هەبوو، ئەمجارەشیان هەر یەکەم دەبین".
 
لە هەر شوێنێک پارتی دەست بە بانگەشە بکات، ئەندام و لایەنگرانی بۆ سەرخستنی بەربژێرەکانی رادەسپێرێت. بەپێی ژمارەی  دەنگدەر و دەنگەکانی، پارتی چوار بەربژێرەکەی بازنەی یەکی دابەشی سەر ناوچەکان کردوون.
 
نەهرۆ رواندزی، بەربژێری پارتی دەڵێت "سەبارەت بە من، دەزانم چۆمان، خەلیفان، رواندز و چەند ناوچەیەکی دیکەی سۆران دانراون کە لەوێوە بانگەشە بکەم و دەنگەکانی ئەوێی پارتی بۆ من دەبن".
 
بازنەی یەکی پارێزگای هەولێر لە پیرمام تاوەکو حاجی ئۆمەران دەگرێتەوە، کۆی ژمارەی دەنگدەرانی ناوچەکە 255 هەزار و 622 کەسە، بەپێی ئاماری لقەکانی پارتی لە ناوچەکە، لەو ژمارەیە، پارتی خاوەنی 179 هەزار و 822 دەنگە.
 
حەوت بەربژێر لە بازنەکە کێبڕکێی دەنگەکان دەکەن، پارتی بە چوار بەربژێرەوە و یەکێتی بە دوو بەربژێر و نەوەی نوێش بەربژێرێک، جگە لە پارتیش تاوەکو ئێستا هیچ بەربژێر و لایەنێکی دیکەی سیاسی دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن نەکردووە.