گەنجێکی هەڵگری ئۆتیزم خولیای بینینی ماهیر زەینی هەیە

25-08-2019
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
ماهیر زەین رۆژی 30 مانگ لە هەولێر کۆنسێرت سازدەکات
ماهیر زەین رۆژی 30 مانگ لە هەولێر کۆنسێرت سازدەکات
نیشانەکردن ماهیر زەین
A+ A-

رووداو - هەولێر 

ماهیر زەین رۆژی 30 مانگ لە هەولێر کۆنسێرتەکەی سازدەکات، گەنجێکی هەڵگری ئۆتیزم خولیای بینینی ماهیر زەینی هەیە. سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکەیش دەڵێت: بەڵێنی ئەوەمان لە ماهیر زەین وەرگرتووە کە لە دەرفەتێکدا بیبینێت.

ئاوازەکەی ماهیر زەین سەودای خەیاڵی رەسەنی هەڵگرتووە، لەو رۆژەوە بیستووەیەتی ماهیر زەین لە هەولێر کۆنسێرت سازدەکات، کاری رۆژانە بووەتە گەڕان بەدوای ماهیر و دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ دیتنی ئەو.

رەسەنی تەمەن 19 ساڵ توشبووی ئۆتیزمە و حاڵەتە تایبەتەکەی رێگەی دیتنی ماهیری لێگرتووە، بەڵام ئەوەی تێیدا بەدیدەکرێت خولیایەکی  بێسنوورە بۆ بیستنی لەگەڵ دەنگ و ئاوازی ماهیر زەین. رەسەن بە ئاواتەوەیە ئەگەر تەنیا بۆ چەند خولەکێکیش بووبێت ماهیر زەین ببینێت.

موسعەب عەبدولعەزیز، سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکەی ماهیر زەین بە رووداوی راگەیاند: " پەیوەندیمان بە ستافی ئامادەکاریی ماهیر زەین بۆ کوردستان کردووە و بەڵێنی ئەوەی پێداوین کە لە دەرفەتێدا ئەو گەنجە ببینێت".

رەسەن لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای موزیکی هەیە و هەر لە سەرەتاکانی ناسینی ماهیر زەین، گۆرانییەکانی لەبەرکردووە و رۆژانە دەیانڵێتەوە.

رەوای خوشکی کە هاوڕێیەکی نزکییەتی باس لە حەزی بێسنووری رەسەن بۆ میوزیک بە گشتی و دەنگی ماهیر زەین بەتایبەتی دەکات.

ئامادەکارییەکان بەرەو تەواوبوون دەچن، تاوەکو هونەرمەندی ناوداری جیهانی ماهیر زەین کە لە ژانری ئایینیدا گۆرانی دەڵێت لە هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو کۆنسێرتێکی گەورە ساز بکات.

ماهیر زەین هونەرمەندێکی بەرەگەز لوبنانییە و دانیشتووی سوێدە، لە ساڵی 2009ـەوە دەستی بە گۆرانی گوتن کردووە. ئەو چەندین گۆرانی بەنێوبانگی ئایینی هەن کە نێودارترینیان گۆرانی یا نەبییە کە بە زیاتر لە 250 ملیۆن بینەر، یەکێک لە پڕبینەرترین گۆرانییەکانی جیهانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە