گەنجێکی کورد ماستەر لەبواری ئەنیمەیشن بەدەستدەهێنێت

رووداو - سلێمانی 

گەنجێکی کورد ماستەر لەبواری ئەنیمەیشن بەدەستدەهێنێت و ئێستا گەڕاوەتەوە کوردستان و لەماڵەکەی سەرقاڵی پڕۆژەیەکی نوێی ئەنیمەیشن گرافیکە. هەروەها تالب خانەقا کە خەڵاتی زیرەکترین گەنجی بواری تەکنەلۆجی عێراقی وەرگرتووە دەیەوێ بە تێکەڵکردنی تەکنەلۆجیا و هونەر،  تێچووی دروستکردنی فیلم لەباشووری کوردستان کەمبکاتەوە. 

لە باشووری کوردستان جگە لە بەرهەمهێنانی چەندین کورتە فیلمی ئەنیمەیشن، بەشێک لە گەنجان بەشێوەی ئەکادیمی هەوڵدەدەن ئەنیمەیشن دروستبکەن.

راستی ئارام کە بۆ بەدەستخستنی بڕاونامەی ماستەرەکەی فیلمێکی شەش خولەکی لەبواری ئەنیمەیشن بەرهەمهێناوە، ئێستا دەیەوێ هونەری هەڵکۆڵین و گرافیک تێکەڵبکات و بەمشێوەیە شێوازێکی نوێی ئەنیمەیشن گرافیك دابهێنێت.

راستی ئێستا گەڕاوەتەوە سلێمانی و لەماڵەکەی سەرقاڵی پڕۆژەیەکی نوێی ئەنیمەیشن گرافیکە. ئەو دەیەوێت هونەری هەڵکۆڵین یان گرافیک کە لەکۆنەوە هەبووە، ئێستا بەشێوەیەکی نوێ بیهێنێتە نێو بواری ئەنیمەیشنەوە.

بۆ تێزی ماستەرەکەی راستی کورتە فیلمێکی شەش خولەکی ئەنیمەیشن گرافیکی بەرهەمهێناوە. ئەگەرچی کارەکەی راستی زەحمەتی زۆری دەوێت، بەڵام بەوپێیەی جیاوازە لەهەردوو شێوازە باوەکەی ئەنیمەیشن هەم لە باشووری کوردستان و هەم لەدونیای دەرەوە ئەو بەداهێنانی دەزانێ بۆ ئەو بوارە.

هەروەها تالب خانەقا کە خەڵاتی زیرەکترین گەنجی بواری تەکنۆجی عێراقی وەرگرتووە دەیەوێ بە تێکەڵکردنی تەکنەلۆجیا و هونەر،  تێچووی دروستکردنی فیلم لەباشووری کوردستان کەمبکاتەوە. 

تاڵب لەفێستیڤاڵی ساڵانەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق خەڵاتی زیرەکترین گەنجی پێبەخشراوە لەبواری تەکنەلۆژیا، لای ئەو ئەنیمەیشن تێکەڵەیەکی گرنگی هەردوو بواری هونەری و تەکنەلۆژیایە بۆ ئەوەی سیناریۆکان بکرێتە فیلم و ڤیدیۆ بەکەمترین تێچوو.

ئێستا لە باشووری کوردستان ئەنیمەیشن زیاتر بۆ بەرهەمهێنانی کورتە فیلم و ریکلامی بازرگانی سوودی لێوەردەگیرێت.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن