ئاگرەکەی شاخی گۆیژەی سلێمانی کۆنترۆڵکرا

رووداو - سلێمانی

ئاگرەکەی شاخی گۆیژەی سلێمانی کۆنترۆڵکرا و، بە گوتەی بەرگری شارستانی سلێمانی ئاگرەکە بەهۆی گەشتیارانەوە کەوتووەتەوە کە بووەتە هۆی سووتانی رووبەرێکی زۆری سەوزایی تاوەکو دارستانە چڕەکان.

تیمەکانی بەرگری شارستانی باس لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکەن و دەڵێن، گەشتیاران لەکاتی مانەوەیان ئاگریان کردووەتەوە، "رەنگە بۆ چالێنان یان هەر شتێکی دیکە بێت، دواتر ئاگرەکە کەوتووەتەوە".

تیمەکانی بەرگری شارستانی دوای ئاگرکەوتنەوەکە گەیشتوونەتە ناوچەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە، بەڵام دواتر ئاگرەکە سەرلەنوێ سەریهەڵداوەتەوە، هۆکارەکەشەی بۆ ئەو رەشەبایە دەگەڕێتەوە کە لەو بەرزاییەنەوە هەڵدەکات.

بەهۆی ئاگرەکەوە رووبەڕێکی زۆری سەوزایی سووتاوە، لە بەرزاییەکانەوە تاوەکو دەگاتە دارستانە چڕو پڕەکانی گۆیژە، بەشێکی زۆری دار سنۆبەرەکان سووتاون.

نەوزاد مەحموود، بەڕێوەبەری ژووری هەواڵی تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی لەمبارەیەوە گوتی " تاوەکو درەنگانی شەو هاونیشتیمانیان لە بەرزاییەکانی گۆیژە و ئەزمەڕ بۆ کات بەسەربەردن دەمێننەوە".

ئەزمەڕ و گۆیژە لە سلێمانی دوو شوێنی گەشتیاریی گرنگن بەجۆرێک، نەک تەنیا لە کاتەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەڵکو زۆرجار لە وەرزەکانی زستان و پایزیشدا بەشێکی زۆری خەڵک روو لەو بەرزاییانە دەکەن و، تێیدا کات بەسەردەبەن.