سوودانی بۆ ئەندامانی عەرەبیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: لە ناوەندی بڕیاردا هیچ لایەنێک پەراوێز نەخرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنەکانی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە و باسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە کرا بە شێوەیەک هیچ پێکهاتەیەکی تێدا پەراوێز نەخرێت. ئەندامێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکە دەڵێت، سوودانی بە جیا لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانی و تورکمانییەکانیش کۆدەبێتەوە.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-07-2024، لە بەغدا کرا. نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزریرانی عێراق دەڵێت، "کۆبوونەوەکە لەچوارچێوەی بەدواداچوونەکانی سەرۆکوەزیران دێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک".
دەشڵێت، سەرۆکوەزیران لە دیدارەکەدا باسی لە "گرنگیی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک، سازانی نێوان پێکهاتەکان و گەرەنتیکردنی بەشداریی چالاکانەی هەمووان و پەراوێزنەخشتنی هیچ پێکهاتەیەک لە دروستکردنی بڕیار"دا کردووە.
سوودانی ئاماژەی بۆ تایبەتمەندیی پارێزگای کەرکووک کردووە و بە پێویستی زانیوە لایەنەکان لەنێوان خۆیاندا هاوئاهەنگی بکەن بۆ بەدیهێنانی تێڕوانینەکانی خەڵک و بەردەوامبوونی پلانەکانی حکومەت لە خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و بەدیهێنانی هەستانەوەی ئابووری.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای لە کەرکووک بە "گرنگ" بۆ سەقامگیریی پارێزگاکە ناوهێناوە و جەختی لەوەکردووەتەوە: "ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکومەتەکانی خۆجێی پشتیوانیی حکومەتن بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانی خزمەتگوزاری و ئابووری لە هەموو بوارەکانی گەشەپێدان."
سەلوا ئەحمەد، ئەندامی هاوپەیمانیی عەرەبی و یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک نەکراوە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ سوودانی جەختمان لەوە کردەوە دەمانەوێت پۆستی پارێزگار بۆ عەرەب بێت."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سەرۆکوەزیران پێیڕاگەیاندوون لە ماوەیەکی نزیکدا بە جیا لەگەڵ فراکسیۆنەکانی کورد و تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە. سەلوا ئەحمەد گوتی، هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی لەنێوان پێکهاتەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک نەکراوە.
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، لە 28ـى كانوونى 2024، ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە، نەتواندراوە پۆستى پارێزگارى کەرکووک و دیالە یەکلایی بکرێنەوە.
پۆستی پارێزگار و شێوازی وەرگرتنی لەنێوان پێکهاتەکانی "کورد، عەرەب و تورکمان" گرێکوێرەی سەرەکیی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکەیە. رۆژی 11ـی ئەم مانگە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرا، ئەوەش دوای سێ کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ پێکهاتەکانی ئەنجوومەنەکە و لایەنە براوەکان، بەڵام کۆبوونەوەکە بەبێ هیچ بڕیارێک کۆتایی هات.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە، یەکێتی پێنج، پارتی دوو کورسی و کۆتای کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی. پێکهاتەی عەرەبی شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسی هەیە.