لە چەند گوندێکی باکووری کوردستان بەم هاوینە سۆبە پێدەکەن

 رووداو دیجیتاڵ


بەم تەمموزە، هاونیشتمانییانی گوندی بەزرخان لە ناوچەی چاڵدێرانی وان ناچارن سۆبە دابگیرسێنن. 
 
گەرمای هاوین ناگاتە ئەو گوندە کە 2055 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە؛ سەرماش تەنگی بە خەڵکەکەی هەڵچنیوە.
 
محەممەد چاکان، موختاری گوندی بەزرخان دەڵێ "ئێمە لە ساردترین ناوچەی تورکیا دەژین. بەگوێرەی کەشناسیی تورکیا پلەی گەرما لێرە 39 ،42 ،43ـی ژێر سفرە و تاوەکو 46ـی ژێر سفریش دەڕوات. لێرە شەش مانگ زستانە." 
 
لە کوێستانەکانی کورتکیش لە پارێزگای مووش کە 2500 مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە، هاونیشتمانیان خۆیان لە ژوورەوە ناوە. دەشڵێن، ئەمە هێشتا سارد نییە و ساردیی شەوان سڕیان دەکات.
 
فاتمە یڵدرم، هاونیشتمانیێک لە کوێستانەکانی کورتکیش دەڵێ  "لە گوندی تاشئۆغڵوی مووش دەژین. هەموو ساڵێک لەم کاتانەدا لەبەر ئاژەڵەکانمان دێینە ئێرە. لەکاتێکدا خەڵکی شارەکانی رۆژئاوا لەنێو دەریان، ئێمە لێرە بەم تەمموزە سۆبە دادەگیرسێنین."
 
هاونیشتمانیانی گوندی چولی لە سنووری پارێزگای ئەردەخان کە 2300 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، تەنیا نیوەڕۆیان دەتوانن لە ماڵ دەرچن. ئەوان دەڵێن بەم هاوینە نە دار بەشیان دەکات و نە گەرمیش دەبنەوە.
 
محەممەد کانبوور، هاونیشتمانی باسی ئەوەی کرد "بەیانیان و ئێواران ناچارین و گیانێکمان بە سۆبەی دارە. ئەم ناوچەیە هەر وایە." 
 
ئێستا لە شارۆچکەی حەڕڕانی سەر بە رووها کە 600 کیلۆمەتر لە کوێستانەکانی کورتک دوورە، پلەی گەرما 40ـی تێپەڕاندووە و هاونیشتمانیان لەبەر گەرما لە ماڵەکانیان دەمێننەوە، کەچی لە کورتک پلەی گەرما شەشە و هاونیشتمانیان بڕۆنە هەر کوێ، دەبێت سۆبە و گەرمکەرەوەیان لێ نزیک بێت.