لێبووردنی نێودەوڵەتی: پێچەوانەی عێراق، هەرێمی کوردستان هەنگاوی بۆ پاراستنی ژنان ناوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتیدا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان سەرنجی خستەسەر هەریەک لە مافی ژنان، مافی ئاوارەکان، لێکۆڵینەوە لە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ لە زیندانەکان، بەکارهێنانی هێز بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان، بێسەروشوێنکردن و سزای لەسێدارەدان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 25-07-2024، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) راپۆرتی پێداچوونەوەی جیهانی ناسراو بە (UPR) بۆ عێراق، بڵاوکردەوە. ناونیشانی راپۆرتەکە بەناوی (عێراق: خۆدزینەوە لە سزا)ـیە. رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا، عێراق نەیتوانیوە بەشێکی زۆری ئەو پێشنیازانە جێبەجێبکات کە لە راپۆرتی پێداچوونەوەی 2019 ئاراستەی کرابوو.
 
لێبووردنی گشتی نیگەرانیی خۆی لە تووندوتیژی دژی ژنان و کچان، بەردەوامیی سزای لەسێدارەدان، نیگەرانی سەبارەت بە دادگاییکردنی دادپەروەرانە، دۆخی ناهەمواری زیندانەکان، دۆخی ئاوارەکان و ئازادی رادەربڕین لە عێراقدا باس کردووە.
 
راپۆرتی پێشوو
 
ئەمنستی رایگەیاند، لە راپۆرتی ساڵی 2019ـدا نزیکەی 300 پێشنیازی باشترکردن بە عێراق دران. عێراق توانی پشتگیریی لە 245 پێشنیاز بکات، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە زۆربەیان جێبەجێ بکات. رێکخراوەکە ستایشی هەنگاوەکانی عێراق بۆ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ دەکات، "بەڵام هێشتا ئامار و ژمارەکان جێگەی رەزامەندی نین."
 
پاراستنی ژن لە هەرێمی کوردستان
 
لێبووردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەکەیدا ناوی هەرێمی کوردستانیشی هێناوە و بەمشێوەیە لەسەری نووسیوە: هەرچەندە هەرێمی کوردستانی عێراق، چەندین هەنگاوی بۆ باشترکردنی یاسای پاراستنی ژنان و کچان لە دژی تووندوتیژی ناوە، یاسای "کەمکردنەوەی ماوەی سزای کوشتن بە پاساوی شەرەف" گۆڕیوە، جیاکاریی رەگەزی قەدەخەکردووە و یاسای 2011ـی تایبەت بە تووندوتیژیی خێزانی باشتر کردووە؛ بەڵام هێشتا کچان و ژنان لە دەستگەیشتن بە پارێزراوی و دادگەری، دووچاری چەندین کۆسپ دەبنەوە.
 
ئەمنستی دەڵێ: "هەر لە هەرێمی کوردستان، قوربانییانی (تووندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەز) لە دادگەکان ناتوانن دادپەروەری بەدەستبهێنن؛ بۆیە لە هەرێمی کوردستان تاوان لە دژی ژنان، لەوانەش کوشتن، زۆرە."
 
راپۆرتەکە ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان رایگەیاندووە: "لە ساڵی 2023، لانیکەم 30 ژن و کچ لە هەرێمی کوردستان کوژراون. لە ساڵی 2022 ژمارەکە 44 بوو."
هەر بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان کە دەست ئەمنستی کەوتووە: "لە ساڵی 2023، زیاتر لە 18 هەزار و 620 کەیسی تووندوتیژیی خێزانی لەسەر مێزی نووسینگەی داواکاری گشتی بووە."
 
لێبووردنی نێودەوڵەتی رەخنەی لە سیستمی دادوەریی هەرێمی کوردستان گرتووە و نووسیویەتی: "لە هەرێمی کوردستان تووندوتیژیی خێزانی بەردەوامە، چونکە سیستمی دادوەری لە سوودی پیاوەکانە و دەتوانن خۆیان لە سزا بدزنەوە. پرۆسەی دادگە و دادگەییکردنی پیاوەکان سستە و ئەگەر سزاش بدرێن، سزاکە زۆر لە قەبارەی تاوانەکەیان بچووکترە. زۆر جاریش بە زۆرەملێ کچ و ژنەکان رازی دەکرێن لەو پیاوە خۆشبن کە ئەشکەنجەیانی داوە."
 
پەناگەی ژنان لە هەرێمی کوردستان
 
رێکخراوەکە لەبارەی پەناگەکانی داڵدەدانی ژنان بڵاویکردووەتەوە، دۆخی پەناگەکان زۆر ناهەموارە. تەنیا لە حاڵەتێک ئەگەر ژنێک مەترسییەکی تەواو لەسەر ژیانی هەبێت ئینجا پەنایان دەدەن، پێش ئەوەش پێویستە ژنەکە یان کچەکە داوای یاسایی تۆمار کردبێت. لە نێو پەناگەکان کچ و ژنەکان رێگەیان پێنادرێت بە ئازادی بجووڵێن و بۆ چوونە دەرەوە پێویستیان بە پەراوی دادگە دەبێت، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی زەوتکردنی ئازادی. لەماوەی مانەوەیان لە پەناگەکانیش، کچان و ژنان هیچ جۆرە راهێنان و خوێندنێکیان بۆ نارەخسێندرێت."
 
لە بەرامبەردا، هەروەک راپۆرتەکە ئاماژەی پێداوە، عێراق هیچ هەنگاوێکی بۆ بە تاوان ناساندنی تووندوتیژیی خێزانی نەناوە و یاسایەکی گونجاوی بۆ پاراستنی کچان و ژنان لە تووندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەز نییە. دەسەڵاتدارانی عێراق یاسای ئەو سزایەیان هەموار نەکردووەتەوە کە رێگە بە پیاو دەدات سزای هاوژینەکەی خۆی بدات؛ یان ئەو دایک و باوکانەی لە رێگەی لێدانەوە دەیانەوێت پەروەردەی منداڵەکانیان بکەن. 
 
"ئەم هەموارنەکردنەوەیەش رێگەخۆشکەر بووە بۆ کەمکردنەوەی سزای کەسێک کە بە پاساوی شەرەف کچێک یان ژنێک دەکوژێت." یاساکە هەروەها رێگە بە کەسێک دەدات، ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئەو کچە یان ئەو ژنە پێکبهێنێت کە دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر.
 
لە ئامارێکدا رێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات کە لە 01-02-2023 بلۆگەرێکی عێراقی بەناوی تیبا عەلی بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەلایەن باوکییەوە کوژرا. لە نیسانی 2023، دادگەیەکی بەغدا باوکی ئەو بلۆگەرەی تەنیا بە شەش مانگ زیندانیکردن سزادا، ئەمەش بەهۆی ئەوە کوشتنەکە بە پاساوی شەرەف بووە.
 
سزای لە سێدارەدان 
 
ئەمنستی لەباسی سزای لەسێدارەدان لە عێراق بڵاویکردووەتەوە: "لەدوای دوایین راپۆرتی 2019؛ لە عێراق لانیکەم 189 کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە. لانیکەم 384 کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە کانوونی یەکەمی 2023 تاوەکو ئایاری 2024، لە زیندانی ناوەندیی ناسرییە 45 کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە."
 
لە کانوونی دووەمی 2022ـوە، هەروەک رێکخراوەکە ئاماژەی پێداوە، سەدان دەستبەسەرکراوی عێراقی بۆ سووریا گوازراونەتەوە و لەوێ رووبەڕووی تووندوتیژی و پێشێلکاری زۆر بوونەتەوە.
 
هەرچی لەبارەی هەرێمی کوردستانە، رێکخراوەکە نووسیویەتی، لە هەرێمی کوردستان پێنج ساڵە سزای لەسێدارەدان جێبەجێ نەکراوە. 
 
پێشنیازەکانی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی 
 
بۆ هەرێمی کوردستان
 
• دڵنیابنەوە لەوەی بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی لە دژی ژنان و خێزان پارەی پێویستیان لەبەر دەست بێت بۆ پاراستنی قوربانییەکان.
 
• ئەوانەی تووندوتیژیی خێزانی دەکەن بە زوویی دەستگیریان بکەن، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش بوون. لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکەن بەڵام رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن و ئەگەر بەسەریاندا ساخبووەوە، سزای لەسێدارەدانیان مەدەن.
 
• مەرجی تۆمارکردنی داوای یاسایی بۆ قوربانییانی تووندوتیژیی خێزانی لابدەن، بە زووترین کات پەناگە بۆ ئەو ژنانە دابین بکەن کە رووبەڕووی ئەو جۆرە تووندوتیژییە دەبنەوە.
 
• مەرجی فەرمانی دادگە بۆ دەرچوون لە پەناگە بۆ ژنان لابدەن.
 
• هێرش مەکەنە سەر ئەوانەی بە ئازادی رای خۆیان دەردەبڕن، بەتایبەت ئازادی رادەبڕین لە میدیا.
 
• کۆتایی بە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، لێدان و دادگاییکردنی نا دادپەروەرانەی میدیاکاران و چالاکڤانن بهێنن، ئەوانەشی ئەو کارانە دەکەن، رووبەڕووی بەرپرسیارێتییان بکەنەوە.
 
• ئەوانەی بەهۆی دەربڕینی رای خۆیان دەستگیرکراون، ئازادیان بکەن.
 
بۆ عێراق

 

• یاسایەک دەربکەن بۆ پاراستنی ژنان و کچان لە تووندوتیژیی خێزانی.
 
• مادەکانی 41، 128، 409 و 398 لە یاسای سزادانی عێراقی هەموار بکەنەوە.
 
• سزای لە سێدارەدان رابگرن.
 
• پێداچوونەوە بە پەراوی ئەو کەسانە بکەنەوە کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە بەڵام جێبەجێنەکراوە.
 
• دڵنیابنەوە لەوەی تاوانباران بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دادگایی دەکرێن.
 
• لێکۆڵینەوە لە دەنگۆی ئەشکەنجەی نێو زیندانەکان بکەن.
 
• دڵنیابنەوە لەوەی هەموو ئاوارەیەکی عێراقی بتوانێت بە ویستی خۆی بگەڕێتەوە زێدی خۆی.
 
• ئەوانەی بەهۆی دەربڕینی رای خۆیان دەستگیرکراون، ئازادیان بکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری هەولێر لە شەواندا. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پرۆژەی ئەزموونیی کارەبای 24 کاژێری لە گەڕەکێکی هەولێر رادەگەیێندرێت

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکی پڕۆژەیەکی ئەزموونی رادەگەیێنێت، ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای نیشتیمانی 24 کاژێرییە بۆ بەشێکی دانیشتووانی گەڕەکی شادی، کە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای شاری هەولێر.