یەکێک لە بریندارەکانی رووداوی تەقینی تانکییەک لە دهۆک گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە گەرەکی ماڵتای دهۆک دوو منداڵ برینداربوون، ئەم ئێوارە یەکێکیان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
پێنجشەممە، 25-07-2024، قادر قاسم، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتان لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 7:00ی ئێوارە، رۆکان مەتین، کە 90٪ی جەستەی سووتابوو، گیانی لەدەستدا.
 
کاژێر 10:30 بەیانی ئەمڕۆ، تانکی گاز لە سەربانی یەکێک لە ماڵەکانی گەڕەکی ماڵتا گڕیگرت و بەهۆیەوە دوو منداڵ کە برابوون برینداربوون، یەکێکیان زیاتر 90٪ و ئەوەی دیکە 25٪ی جەستەی سووتا.
 
سەبارەت بە تەندروستیی منداڵەکەی دیکە، قادر قاسم گوتی: "تەندروستی جێگیرە و چارەسەری پێویستی بۆ کراوە."
 
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، منداڵەکان لەکاتی یاریکردن ئاگریان بەرداوەتە تانکییەکە و ئەو کارەساتە روویداوە.
 
.