ئاوی کەرکووک: لە دوو هەفتەدا شەش بیری ئاو وشکبوون

 

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک رایدەگەینێت، نزیکەی 500 هەزار هاوبەشی ئاو لە شاری کەرکووک هەن، بەڵام کەمتر لە 150 هەزاریان تۆمارکراون. دەشڵێت، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەسنوورەکەیان بەردەوام لەدابەزیندایە و لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا شەش بیری ئاو وشکبوون.
 
ئەندازیار جیهان ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک میوانی بەرنامەی مژار بوو لە رادیۆی رووداو، کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، گوتی: "زێدەڕۆییەکی زۆر زۆر هەیە لەسەر هێڵە سەرەکییەکانی ئاو و هاوبەشانە هاوکارمان نین لە دەستگرتن بە ئاو و بەفیڕۆ نەدانی."
 
چەند هاونیشتمانییەک لە گەڕەکی کوردستان لە کەرکووک پەیوەندیان کرد و دەڵێن: "کێشەی ئاومان هەیە و بێ ئاوین."
 
جێگری بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک دەڵێت: "تەنیا گەڕەکی کوردستان کێشەی کەم ئاوی نییە، چەند گەڕەکێکی دیکە بە تایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی نەخشەی بنەڕەتی کەرکووکن، ئەو کێشەیەیان هەیە.. پێش 2017، گەڕەکی کوردستان نزیکەی سێ هەزار ماڵ بوو، بەڵام ئێستا نزیکەی دە هەزار ماڵە، بەڵام تۆڕی ئاوەکەی فراوان نەکراوە".
 
بەگوتەی جێگری بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک لە بەشی باکوور و رۆژهەڵاتی کەرکووک گەڕەکەکانی؛ کوردستان، بارووتخانە، شۆراو و پەنجا عەلی کێشەی ئاویان هەیە، هەروەها لە بەشی باشووری کەرکووکیش چەند گەڕەکێک هەن کێشەیان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی باشووری کەرکووک نزمترە باشتر ئاویان پێدەگات.
 
ئەندازیار جیهان ئیبراهیم دەڵێت: "ئێستا (کۆمپاکت یونت)ێک لەسەر کەناڵی ئاوی کەرکووک دانراوە، کە توانای 400 مەتر سێجای لە کاژێردا هەیە بەڵام بەشی گەڕەکەکە ناکات، هەروەها هێڵێکی دیکە پرۆژەی ئاوی قەزای دوبز دێت بۆ گەڕەکەکە، بەڵام زێدەڕۆیی زۆر کراوەتە سەر هێڵەکە وێستگەیەکی دیکەی پاڵدانی ئاو لە نزیک گەڕەکەکە دانراوە."
 
لەبارەی گرفتی تۆڕی ئاوی ئەو گەڕەکانە، ئەو بەرپرسەی ئاوی کەرکووک گوتی: "تۆڕی ئاوی ئەو گەڕەکانە نوێن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە زێدەڕۆیی زۆر کراوەتە سەر هێڵەکان و ماڵ هەیە 5 هێڵی ئاوی راکێشاوە، بۆرییەکان بوونەتە بێژنگ. بۆ نموومە لە گەڕەکێکدا پێوەرمان بۆ ماڵێک دانا، لە شەوێکدا 10 مەتر سێجا ئاوی بەفیڕۆداوە کە 10 هەزار لیتر ئاو دەکات."
 
جێگری بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک باسی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی کرد و گوتی: "گەڕەکی پەنجا عەلی، پرۆژەیەکی تایبەتی هەیە کە سەرچاوەکەی 24 بیرن لە گوندی تەرجیل لێدراون، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا شەش بیر وشک بوون و ئاویان نەماوە، ئاستی ئاوی هەموو بیرەکان بەردەوام کەمدەکات و دادەبەزێت."
 
لە شاری کەرکووک نزیکەی 150 هەزار هاوبەشی ئاو تۆمارکراون، بەڵام بەگوتەی جێگری بەڕێوەبەری ئاوی شارەکە، "نزیکەی دوو هێندەی ئەو هاوبەشانەی تۆمارکراون هاوبەشی دیکە هەن خۆیان تۆمار نەکردووە، ئەمە بێجگە لەو زێدەڕۆییانەی کراونەتە سەر هێڵ و تۆڕەکانی ئاوی شارەکە."
 
جیهان ئیبراهیم دەشڵێت، گەڕەکەکان بەردەوام لە فراوانبووندان و هیچ پرۆژەیەکی ستراتیژی گەورە نەکراوە، تەنیا قۆناخی دووەمی پرۆژەی ئاوی کەرکووک نەبێت، ئەو گەڕەکانەی لەنێو نەخشەی بنەڕەتی کەرکووکن 90٪یان کێشەی ئاویان نییە تەنیا ئەوانە نەبێت لە دەرەوەی نەخشەن."
 
لەبارەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر ئەو کەسانەی ئاو بەفیڕۆ دەدەن، گوتی: "تائێستا رێکاری یاساییمان بەرامبەر هاونیشتمانیان نەگرتووەتە بەر، بەڵام ئەگەر دۆخەکە وا بڕوات سزای ئەوانە دەدەین کە ئاو بەفیڕۆ دەدەن."
 
بۆ دابینکردنی ئاو بۆ شاری کەرکووک 90٪ پشت بە ئاوی رووباری زێی بچوک دەبەسترێت و بە رێگەی کەناڵی ئاوی لە قەزای دبزەوە ئاو بۆ کەرکووک دەگوازرێتەوە، هەروەها دوو پرۆژەی بەرهەمهێنانی ئاو هەن کە رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 24 هەزار مەتر سێجا ئاویان لە کاژێرێکدا هەیە.
 
جێگری بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک دەڵێت، ئەو دوو پرۆژەیەی هەن بەهۆی کێشەی کارەبا تەنیا توانای 20 هەزار مەتر سێجا ئاویان لە کاژێرێکدا هەیە
 
بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی و کەمکردنەوەی پشتبەسن بە ئاوی ژێر زەوی، ئەندازیار جیهان ئیبراهیم دەڵێت: "پرۆژەیەکمان هەیە لەسەر رووباری زێی بچووک لە ناحیەی پردێ، بۆ بەرهەمهێنانی 6000 مەتر سێجا بۆ ئەوەی راستەوخۆ بۆ کەرکووک بێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە جێبەجێنەکراوە ." گوتیشی،" ئێستا سەرقاڵی پرۆژەیەکین لە رووباری دیجلەوە ئاو بگوازینەوە بۆ کەرکووک."