ئاسایشی هەولێر "شێخ شاباز"ــی "جادوو بە گەرەنتی" دەستگیردەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی کەسێکی بەناوی "شێخ شاباز" راگەیاند، کە دەگوترێت لەژێر ناوی "سیحر و جادوو بەگەرەنتی" دەستدرێژیی کردووەتە سەر ژمارەیەک ئافرەت.
بەپێی بەڵگەنامەکانی ئاسایش، 'شێخ شاباز' ژمارەیەک ئافرەتی لەبەرامبەر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی، هەڵخەڵەتاندووە و پارەی لێوەرگرتوون.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا شەوی چوارشەممە (24-07-2024) دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەی راگەیاند، کە لە رێگەی هەژمارێکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی "سیحر و جادوو بەگەرەنتی"، دەستدرێژیی کردووەتە سەر ژمارەیەک ئافرەت و گرتەی ڤیدیۆیی تۆمارکردوون.
ئاسایشی هەولێر دەڵێت "دوای بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانمانەوە بە داڕشتنی پلانێک، توانیمان ناسنامەی شێخ شاباز ئاشکرا بکەین، کە ناوی (ف. ش. أ.) و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، دەستگیرمان کرد."
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئاسایش "تۆمەتبار لە لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، کە بەناوی کاری سیحر و جادوو، دەستدرێژیی کردووەتە سەر ژمارەیەک ئافرەت و گرتەڤیدۆیی ئەوانی تۆمار کردووە، لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی گرتەڤیدۆکانیشیان، داوای بڕێکی زۆر پارەی لەو ئافرەتانە کردووە".
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە بەپێی ئاسایش پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتر بەتۆمەتی رێگری دەستگیرکراوە، هەروەها "لەژێر گوشار و هەڕەشەلێکردنیاندا، بڕێکی زۆر پارەی لە ژمارەیەک ئافرەتی دیکە وەرگرتووە."
ئاسایشی هەولێر داوا لە ئافرەتان دەکات خۆیان لەو جۆرە کەسانە بەدووربگرن و نەکەونە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەژمارانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشەی کاری سیحر و جادوو دەکەن، بۆ ئەوەی نەبنە قوربانیی دەستی ئەو جۆرە کەسانە.