رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی دانیشتووی شیلادزێ لەکاتێکدا ویستوویەتی لەگەڵ هاوڕێکانی بچێتە ئەوروپا، لە رێگەدا لە هاوڕێکانی دابڕاوە و تەرمەکەی لە دارستانێکی بولگاریا دۆزراوەتەوە.
گەنجەکە ناوی دیندار دلێر محەممەدە و تەمەنی 18 ساڵ بووە. رزگار ئیبراهیم، ئامۆزای دیندار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامۆزاکەی لەگەڵ دوو گەنجی دیکەی شیلادزێ لە 6ی ئەم مانگەوە بەنیازبوون بە رێگەی قاچاخ بچنە دەرەوەی وڵات، بەڵام ئەمڕۆ هەواڵی مردنیان پێگەیشتووە.
بەگوتەی رزگار ئیبراهیم، دیندار لە دارستانەکانی بولگاریا نەخۆش کەوتووە و هاوڕێکیانی جێیان هێشتووە، دوای ئەوە خێزانەکەی لە رێگەی چەند کەسێکی دیکەوە بەدواداچوونیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە تەرمەکەی لەنێو دارستانەکەدا دۆزراوەتەوە.
دیندار دوو برا و دوو خوشکی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە. ئامۆزاکەی دەڵێت، چاوەڕێن حکومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانییان بۆ بکات لە هێنانەوەی تەرمی دیندار بۆ ئەوەی لە زێدی خۆیان لە شیلادزێ بەخاکی بسپێرن.
شیلادزێ یەکێک لەو ناوچانەی کە بێکاری تێیدا کەمە؛ ناحیەکە 93 گوند لەخۆی دەگرێت، بەڵام تەنیا 7 گوند ئاوەدانن و ئەوانی دیکە بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە چۆڵکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ