ئاماری هەرێمی کوردستان: ساڵی داهاتوو لەگەڵ دەزگای ئاماری عێراق سەرژمێری دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزیری پلاندانانی عێراق 20ـی تشرینی دووەمی 2024ـی دەستنیشانکردووە بۆ سەرژمێری گشتی و پرۆسەکە بە هاوبەشی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەزگای ئاماری عێراق بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەچێت.
 
رۆژی سێشەممە، 25ـی تەممووزی 2023 سیروان محەممەد، سەرۆکی گشتی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "دوێنێ وەزیری پلاندانانی عێراق بانگهێشتی رێکخراو و نوێنەری وڵاتانی بیانی کردبوو بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەیەک کە ئێمەش وەکو دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان تێیدا بەشداربووین، ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەوەبوو وڵاتانی بیانی ئاگادار بکاتەوە، لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 عێراق سەرژمێری گشتی بەڕێوەدەبات و داوای هاوکاری تەکنیکی لەو وڵاتانە کرد".
 
بڕیارە سەرژمێری ئەمجارەی عێراق بە شێوازی ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەچێت و سیروان محەممەد دەڵێت؛ "دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق بەیەکەوە سەرژمێرییەکە بەڕێوەدەبەین، بەهۆی بەرفراوانی پرۆسەکەش راهێنان بە مامۆستایان دەکرێت و سوودیان لێ وەردەگیرێت".
 
سەرۆکی گشتی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان گوتی: "بەپێی رێککەوتنی نێوان دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەزگای ئاماری عێراق، بۆ ئەوەی پرۆسەکە نەچێتە چوارچێوەی سیاسییەوە، لە سەرژمێرییەکەدا پرسیاری نەتەوە ناکرێت و تەنیا پرسیاری ئاین دەکرێت کە ئاخۆ کەسەکە سەر بە چ ئایینێکە، بۆ ئەوەی بزانرێت ژمارەی ئایین و ئایینزاکان لە عێراق چەندە".
 
ئەو پرسیارانەی لەنێو فۆرمی سەرژمێریدا لە هاووڵاتییان دەکرێن زیاتر پەیوەستن بە باری خێزانی و شوێنی نیشتەجێبوون، پەروەردە، تەندروستی، خاوەن پێدەویستی تایبەت و پیشە، وەکو سیروان محەممەد ئاماژەی پێدەدات: "هەموو ئەوانەی لە عێراقن، بە پەنابەریشەوە سەرژمێرییان بۆ دەکرێت، بەڵام تائێستا لەسەر پرسی سەرباز و چەکدارەکان روون نییە، چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت".
 
بڕیارە بۆ شێوازی سەرپەرشتیکردنی سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتن بکەن کە ئاخۆ چۆن بەڕێوەدەچێت، سیروان محەممەد باس لەوە دەکات کە، "لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە ئامادەبوونی نوێنەری وڵاتان، ئاماژەم بەوەدا کە دەبێت ئەو خاڵە یەکلایی بکرێتەوە، چونکە ئەگەر رێککەوتنی لەسەر نەکرێت، رەنگە جارێکی دیکە کێشە بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری دروستبێت".
 
ساڵێک و سێ مانگی ماوە بۆ سەرژمێری و سەرۆکی گشتیی دەستەی ئاماری کوردستان گومانی هەیە بەو ماوەیە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری بە شێوازی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبچێت و دەڵێت: "ئەو ماوەیە کاتێکی زۆر کەمە بۆ ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، جگە لەمەش ئەو 100 ملیار دینارەی بۆ ئامادەکارییەکان تەرخانکراوە، هێشتا نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردن، ئینجا بەو دۆخە ئاڵۆزەی نێوان هەولێر و بەغدا لەو پارەیە پشکی هەرێمی کوردستان کەی و چۆن دەنێردرێت".
 
سیروان محەممەد پێیوایە، ئەم سەرژمێرییە کاریگەری لەسەر بڕیارە سیاسییەکان لە سنووری مادەی 140 نابێت و بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی مادەی 140 سەرژمێری تایبەت دەکرێت و دەشڵێت: "چەند خاڵێکمان بۆ وەزارەتی پلاندانانی عێراق دیاری کردووە کە نابێ ئەم سەرژمێرییە لە داهاتوودا ببێتە هۆی تێکدانی دیموگرافی ئەو ناوچانە."
 
لەبارەی رۆژی بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتی لە عێراق، سەرۆکی گشتی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان گوتی: "دوێنێ وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە 20ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 سەرژمێری بەڕێوەدەچێت و پرۆسەکە لە نێوان 10 بۆ 12 رۆژ دەخایەنێت".
 
ماوەی 26 ساڵە لە عێراق سەرژمێری کراوە، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق لەساڵی 2009ـوە بەنیازە سەرژمێری بکات، بەڵام رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە ئەنجامدانی.
 
عێراق، بڕیاریدابوو هه‌ر 10 ساڵ جارێك سه‌رژمێری بکات، ئه‌و سه‌رژمێرییانه‌ی کردوونی له‌ ساڵانی: 1927، 1934، 1947، 1957، 1965، 1977، 1987، کۆتاجاریش 1997 بووە، بەڵام ئەو سەرژمێرییە لە هەرێمی کوردستان نەکراوە.