کشتوکاڵی دهۆک: جووتیاران بە ناچاری گەنمەکەیان بە هەرزان دەفرۆشنە بازرگانانی موسڵ

25-07-2023
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی دۆسیەی وەرگرتنی گەنم لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک رایدەگەیێنێت، بەوپێیەی عێراق بڕیاری دا تەنیا 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکڕێت، تەنیا 29٪ی گەنمی جووتیارانی دهۆک لەلایەن حکومەتەوە وەرگیراوە. دەشڵێت: "50 هەزار تۆن گەنم لە مەیداندا ماوە".
 
وەلید عارەب سلێمانی، بەرپرسی دۆسیەی وەرگرتنی گەنم لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات گوتی: "لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 700 هەزار دۆنم زەوی کراوە بە گەنم و پێشبینی دەکەین نزیکەی 450 هەزار تۆن بەرهەم هەبێت". 
 
ئەمساڵ حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، کە 230 هەزار تۆن گەنمی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ 145 هەزار تۆنی پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆن گەنمی پارێزگای دهۆک بوو.
 
لەبارەی وەرگرتنی گەنم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەلید عارەب گوتی: "بڕیاری عێراق بۆ وەرگرتنی گەنم، چاوەڕواننەکراو بوو، سەرەتا رایانگەیاند هەموو بەرهەمی هەرێمی کوردستان وەردەگرن، بەڵام چەند رۆژێک پێش کردنەوەی سایلۆکان، بڕیاریان دا تەنیا 375 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرن، دوای ناڕەزایەتی، بڕەکەیان بۆ 500 هەزار تۆن زیادکرد، کە پشکی پارێزگای دهۆک 125 هەزار تۆن دەبێت، کە دەکاتە 29٪ی بەرهەمی پێشبینیکراو".
 
وەلید عارەب ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی حکومەت وەرینەگرت، جووتیارەکان بە بازرگانانیان فرۆشت و ئێستاش نزیکەی 50 هەزار تۆن گەنم ماوە کە هێشتا ساخ نەبووەتەوە، "جووتیارانی دهۆک گەنمی خۆیان بە هەرزان بە بازرگانانی نەینەوا فرۆشتووە و ئەوانیش بە نرخی زیاتر بە حکومەتی دەیفرۆشن". 
 
حکومەتی عێراق، تۆنێک گەنمی جووتیارانی بە 850 هەزار دینار کڕی، بەڵام بە گوتەی وەلید عارەب، جووتیار بە نزیکەی 700 هەزار فرۆشتوویانە بە بازرگانانی نەینەوا.
 
بەرپرسی دۆسیەی وەرگرتنی گەنم لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئاماژە بەوەش دەکات، "بێهیوابووین لە وەرگرتنی گەنم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە و دەرگایان داخستووە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵیدا هەموو بەرهەمی هەرێمی کوردستان ساخبێتەوە و لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراوە و پێشنیازێکی داوەتە حکومەت بۆ وەرگرتنی ئەو گەنمەی کە ماوە، بە نرخێک کە لە 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک کەمتر نەبێت".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمساڵ زیاتر لە 200 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەرنەگیراوە.
 
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی پارێزگاکان، لە سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 100 هەزار تۆن، لە هەولێر کەمتر لە 50 هەزار تۆن و لە دهۆکیش زیاتر لە 50 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران ماوەتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".