ئەو حەوت کۆچبەرە کوردەی لە لیبیا دەستبەسەر کرابوون دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی لیبیا حەوت گەنجی کوردی بۆ ماوەی 48 رۆژ دەستبەسەر کردبوو، شەوی رابردوو ئازادی کردن و بڕیارە بەمنزیکانە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە. یەکێک لەو گەنجانە دەڵێت، "قاچاخچییەکان ئەوەندە دەستاودەستیان پێکردین، ئێستا نازانین ئەو کەسەی لە لیبیا جێیهێشتین کێیە و نایناسین."
 
ئەو گەنجانە خەڵکی دهۆکن، دوو مانگ لەمەوبەر بەنیازبوون بچنە ئەوروپا، بەڵام قاچاخچییەکە لە لیبیا بەجێیهێشتوون.
 
نەورۆز نەوزاد، یەکێکە لەو گەنجانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی لیبیاوە دەستگیرکرابوو، میوانی بوولتەنی نیڤرۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە لەلایەن شەهیان تەحسینەوە پێشکێش کرا، گوتی، "ماوەی 48 رۆژ لە گرتووخانەیەکی لیبیا دەستبەسەر بووین و شەوی رابردوو کاژێر 10 ئازادکراین، دۆخی هەموومان باشە و بڕیارە بمانگەڕێننەوە کوردستان."
 
ئەو گەنجە باسی لەوە کرد، "ئێمە حەوت کەس بووین، سەرەتا بردیانین بۆ میسر و بڕیاربوو بە لیبیادا بمانبەن بۆ ئیتاڵیا، بەڵام ئەو کەسانەی بڕیاربوو بمانگەیێننە ئیتاڵیا درۆیان لەگەڵ کردین و هەر لە سنووری لیبیا جێیانهێشتین."
 
نەورۆز ئەوەیشی خستەڕوو، "بە ناچار خۆمان رادەستی حکومەتی لیبیا کرد، تەنانەت نەماندەزانی ئەو وڵاتەی خۆمانی رادەست دەکەین کوێیە، قاچاخچییەکان ئەوەندە دەستاودەستیان پێکردین، ئێستا نازانین ئەو کەسەی لە لیبیا جێیهێشتین کێیە و تەنانەت ناویشی نازانین."
 
بە گوتەی نەورۆز نەوزاد، قاچاخچییەکان "پارەی تەواوەتییان لێ وەرگرتوون و لەبری ئیتاڵیا لە لیبیا جێیانهێشتوون"، وەکو ئاماژەی پێدەدات، "ئێستا لە ئوتێلێکیان داناوین و پشکنینی پزیشکیمان بۆ کراوە بۆئەوەی بمانگەڕێننەوە کوردستان، رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەڕێینەوە."