رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە چوار مانگی رابردوودا لە ئاوەکانی ئەو پارێزگایەدا 24 کەس گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا 22 کەس لە ئاوەکانی ئەو پارێزگایەدا خنکابوون.
باقر بەهرامی، سەرۆکی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێ رۆژی دووشەممە 25-07-2022 رایگەیاند، "ئەمساڵ 32 کەس کەوتوونەتە نێو ئاو و 8 کەس لەوان لە مردن رزگاریان بووە، بەڵام 24 کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە."
بە گوتەی باقر بەهرامی، 17 کەس لەوان کەوتوونەتە رووبارەکانی پارێزگاکە، نۆ کەسیان کەوتوونەتە بەنداوەکان و شەش کەسەکەی دیکەشیان کەوتوونەتە شوێنی دیکەی وەکو مەلەوانگە و جۆگەکان.
زۆرترین ژمارەی خنکاوەکان لە میاندواو و سەردەشت بوون، کە لە هەریەکەیان حەوت کەس و لە شاری ورمێش پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.
باقر بەهرامی سەرەتای هاوین هۆشداریی دابوو کە دەبێت خەڵک لە بەنداو و رووبارەکان مەلە نەکەن، هەر کاتێکیش دەرمانێکیان خوارد کە دەبێتە هۆی خەواڵوویی و خاوبوونەوەی ماسوولکەکان، مەلە نەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ