رووداو دیجیتاڵ
کارمەندێکی کوالێتی کۆنتڕۆڵی سلێمانی دەڵێت، کۆنتڕۆڵی جۆری لە هەرێمی کوردستان لە ژێر سفرە و کاری زۆربەی تاقیگەی کۆمپانیاکانی کوالێتی کۆنتڕۆڵ "بووە بە کەوچک و تەنەکە، ئەو خۆراکانەی دەبرێتە تاقیگەکانیان کەوچکێکی لێ دەردەهێنن و راستەوخۆ دەیکەنە تەنەکەی خۆڵەکەوە و هیچ پشکنینێکی بۆ ناکەن." سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی مافی بەکاربەر لە هەرێمی کوردستانیش دەڵی: "لە دهۆک گۆشتی ئەسپ و گوێدرێژ و بەراز ناوی گۆشتی مانگاوە فرۆشراوە."
رۆژی یەکشەممە 24-7-2022 بەرنامەی لەگەڵ رەنج تیشکی خستە سەر کوالێتی کۆنتڕۆڵ لە هەرێمی کوردستان. هەریەک لە باوان محەممەد، كارمەندی كوالێتی كۆنتڕۆڵی جۆری سلێمانی؛ غەفار محەممەد، بەڕێوەبەری كوالێتی كۆنترۆڵی جۆری سلێمانی و نوێنەری وەزارەتی پلاندانان؛ کاوە عەبدولعەزیز، سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی مافی بەکاربەر لە هەرێمی کوردستان؛ محەممەد فارووق، لێپرسراوی کۆنتڕۆڵی جۆری لە کۆمپانیای رەزگە میوانی بەرنامەکە بوون.
"کواڵیتی کۆنتڕۆڵ لە کوردستان سفرە"
باوان محەممەد، كارمەندی كوالێتی كۆنتڕۆڵی جۆری سلێمانی رایگەیاند: "کوالێتی کۆنتڕۆڵ لە هەرێمی کوردستان دراوەتە دەست کۆمپانیاکان و سەرباری ئەوەی توانای مرۆیی زۆرباشمان هەیە، هیچ پاڵپشتییەک ناکرێین بۆ دابینکردنی پێداویستییە تاقیگەییەکانمان."
بەپێی بڕیاری 773ی ئەنجوومەنی وەزیران کوالێتی کۆنتڕۆڵ دراوەتە کەرتی تایبەت، ئێستا سێ کۆمپانیا لە دەروازەکان پشکنین بۆ خۆراک و کاڵا دەکەن. بەڵام باوان محەممەد دەڵێت: "ئەو ئامێرانەی بۆ پشکنین لەسەر ئاستی دنیادا پێویستن، لە تاقیگەی ئەو کۆمپانیایانەدا هەیە، بەڵام کاری پێناکەن و تەنیا چاوبەستی حکومەت دەکەن، لەبەر ئەوەی ئەگەر بیانەوێ هەموو بابەتەکان بپشکنن، ئامێرەکانیان بەش ناکات."
بەگوتەی ئەو کارمەندەی کوالێتی کۆنتڕۆڵی جۆری لە سلێمانی: "ئێستا کوالێتی کۆنتڕۆڵ لە هەرێمی کوردستان نەک سفرە، بەڵکو لەژێر سفریشە، کوالێتی کۆنتڕۆڵ تەنیا دەزگەیەکە بۆ شەرعیەتدان بە کاری کۆمپانیاکان. ئیشی کۆمپانیاکانی کوالێتی کۆنتڕۆڵیش بووەتە بازرگانیکردن لە دەروازە سنوورییەکان، بەجۆرێک کێبڕکێیان لەناودا دروستبووە کە کامیان لە ساڵێکدا رێگە بە هاتنەناوەوەی زیاترین کاڵا بدەن."
کارمەندێکی کواڵیتی کۆنتڕۆڵ: خواردن لە گوندەکان دەكڕم
شنۆ مستەفا، كارمەندی كوالێتی كۆنترۆڵی جۆری سلێمانی گوتی: "من متمانەم بە ماددە خۆراکییەکانی ناو بازاڕی هەرێمی کوردستان نییە، لەبەر ئەوەی هیچ چاودێرییەکی کوالێتی کۆنتڕۆڵیان بەسەرەوە نییە و ناتوانی لە تەندروستبوونیان دڵنیابیت."
هاوکات، نوور فەریق یەکێکی دیکە لە کارمەندانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە باسی لەوە کرد: "هیچ شتێک لە هەرێمی کوردستان بە کوالێتی بەرزنابینم، خۆم ئەو خۆراکەی لەماڵەوە بەکاریدەهێنم، لە لادێکان دەچم دەیکڕم، بەهیچ شێوەیەک ئامادەنیم ماستێکی تورکی یان ئێرانی بکڕم، ئێستا لەبری ئەوەی ئەو دوو وڵاتە بە چەکی کیمیایی بمانکوژن، بە چەکی بایۆلۆژی دەمانکوژن."
ئەو کارمەندەی کوالێتیی کۆنتڕۆل ماستی هاوردەی بە نموونە هێنایەوە و گوتی: "ماستمان هێناوە بۆ تاقیکردنەوە، سێ رۆژ لەبەر هەتاومان داناوە تێکنەچووە، لەبەر ئەوەی بە رێژەیەکی زۆر ماددەی راگریان تێکردووە."
باوان محەممەد دەڵێت: "لە ساڵی 2012ەوە حکومەت کۆمەڵێک ئامێری پێشکەوتوو و زیرەکی بە بەهایەکی زۆر کڕی، بەڵام کاریان پێناکرێت، لەبەر ئەوەی بە بڕیاری حکومەت پشکنینی جۆری درایە دەست سێ کۆمپانیا."
ئەو کارمەندەی کوالێتی کۆنتڕۆڵ کە ماستەری لە تەكنەلۆژیای خۆراك هەیە دەڵێت: "بۆ ئەوەی دڵنیابییەوە لە شیرێکی منداڵان کە ئاخۆ شیاوی خواردنە، زیاتر لە 35 جۆر پشکنینی پێویستە، بەڵام لە مەرزەکان ئەوپەڕی پێنج پشکنینی بۆ دەکرێت کە ئەوانیش ئەو پشکنینە کیمیاییانەن کە بە دەست دەکرێت و تێچووی نییە."
"کۆمپانیاکانی پشکنین لە ژێر چاودێری حکومەت نین"
غەفار محەممەد، بەڕێوەبەری كوالێتی كۆنتڕۆڵی جۆری سلێمانی و نوێنەری وەزارەتی پلاندانان یەکێکی دیکە لە میوانەکانی بەرنامەی لەگەڵ رەنج بوو و رایگەیاند: "بڕیاری 773ی ئەنجوومەنی وەزیران پێچەوانەی یاسای پێوانەسازییە، حکومەت دەسەڵاتی پشکنینی داوەتە دەروازە سنوورییەکان و ئەو دەسەڵاتەی لە دەستەی پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆری ستاندووەتەوە، ئەو دەروازانەش گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیاکان کردووە و ئەوان لە کوالێتی کاڵاکان بەرپرسیارن."
بەڕێوەبەری كوالێتی كۆنترۆڵی جۆری سلێمانی پێیوایە: "ناکرێ کۆمپانیا کاری پشکنین بکات بەبێ چاودێری حکومەت، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین دەبێ حکومەت پشکنین بکات، بەڵام ئەگەریش سیاسەتی حکومەت ئەوەیە کە بیداتە کەرتی تایبەت، دەبێ لەژێر چاودێری حکومەت بێت، بۆ ئەوەش وەزارەتی پلاندانان بە نووسراو لە ساڵی 2020ەوە داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە میکانیزمی سەرپەرشتیکردن لە هەموو خاڵە سنوورییەکان جێبەجێبکرێت و حکومەت گشتاندن بکات بۆ هەموو وەزارەتەکان بۆ ئەوەی پێوەی پابەندبن."
غەفار محەممەد دەشڵێت: "داوای ئەوەشمان کردووە رێژەیەک لە داهاتی سەرجەم کۆمپانیاکان تەرخانبکرێت بۆ ئەو دەستەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکەکانی جێبەجێبکات. لە هەمان ساڵدا ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراو وەڵامی وەزارەتی پلاندانانی دایەوە کە ئێستا حکومەت سەرقاڵی رێکخستنەوەی گرێبەستەکانە لە دەروازە سنوورییەکان و ئەو داوایە جێبەجێ ناکرێت."
"گۆشتی بەراز و ئەسپ و کەر دەفرۆشرێت"
کاوە عەبدولعەزیز، سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی مافی بەکاربەر لە هەرێمی کوردستان گوتی: "لە هەرێمی کوردستان نەک هەر خۆراک، بەڵکو لە کاشیدا فێڵ لە هاووڵاتیی دەکرێت، بۆ نموونە کاشییەک لێی نووسراوە 50 بە 50 سانتیمەتر، بەڵام بیپێوە کەمتر لە 48 سانتیمەترە، دەنووسن 13 ملیمە بەڵام کەمتر لە نۆ ملیمە، وایەری کارەباش بە هەمانشێوە فێڵی تێدا دەکرێت کە بەهۆی خراپی کوالێتییەوە بووەتە هۆی سووتانی چەندین خێوەت لە کەمپەکان و دەیان ماڵ و شوێنی بازرگانی."
بەپێی بەدواداچوونی سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی مافی بەکاربەر لە هەرێمی کوردستان: "لە پارێزگای دهۆک جۆرێک گۆشتی قووتو لەسەری نووسراوە گۆشتی مانگا، بەڵام پێکهاتەکەی تەنیا رێژەیەکی گۆشتی مانگایە، گۆشتی ئەسپ و گوێدرێژ و مریشک و گۆشتی بەرازیشی تێدایە کە لەسەریشی نووسراوە حەڵال، بەو مەرجەی لە خاڵە سنوورییەکانیش کە هاوردەکراوە پشکنینی بۆ کراوە."
کاوە عەبدولعەزیز روونیدەکاتەوە: "ئەو ئاردەی هاوردە دەکەن، کۆمەڵێک ماددەی تێکەڵدەکەن بۆ ئەوەی رەنگی سپیبێت و ناسک بێت و کاتێک دەیکەیت بە نان رەنگی نانەکەی جوانتر دەبێت، بەڵام کە دەیخۆی بەباشی هەرسنابێت و لەناو ریخۆڵەدا گیردەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆڵۆن دواتر تووشی شێرپەنجەت دەکات."
کۆمپانیاکانی پشکنین چی دەڵێن؟
محەمەد فارووق، لێپرسراوی کۆنتڕۆڵی جۆری لە کۆمپانیای رەزگە کە یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی کۆنتڕۆڵی جۆری لە خاڵە سنوورییەکان بەدەستە گوتی: "بەرهەمە خۆراکییەکان لە خاڵە سنوورییەکان بە چاودێری وەزارەتی تەندروستی پشکنینیان بۆ دەکرێت."
ئەو نوێنەرەی کۆمپانیای رەزگە لەبارەی پشکنینی شیری منداڵان نەیشاردەوە: "بۆ شیری منداڵ هیچ دامەزراوە و تەنانەت دەزگەی پێوانەسازی حکومەتی هەرێمیش ناتوانێت ئەو 35 پشکنینەی بۆ بکات کە پێویستییەتی. بەڵام ئەو ماددە خۆراکییانەی لە کەرەنتینەکانەوە بۆ ئێمە دێت، بەپێی تایبەتمەندی عێراقی پشکنینی تەواویان بۆدەکەین."
لە بەرامبەردا باوان محەممەد سوورە لەسەر ئەوەی: "ئەو کۆمپانیایانەی لە مەرزەکانن کێبڕکێیەکی سەختیان لەنێواندایە کە لەسەر حیسابی تەندروستیی هاووڵاتییان دەیکەن، ماست هەیە لە مەرزێک بەهۆی ئەوەی نیشاستەی تێدابووە دەرنەچووە و گەڕێنراوەتەوە، بەڵام لە مەرزێکی دیکەوە رێگەی پێدراوە."
بە گوتەی باوان محەممەد: میکانیزمی پشکنین لە مەرزەکان بریتییە لە پشکنینی هەڕەمەکی، بۆ نمونە 25 بۆ 100 نموونە دێتە تاقیگەکە، لەناو نموونەکاندا چەند دانەیەک هەڵدەبژێرێت و دەیبەن بۆ پشکنین و ئەوانی دیکە پشکنینیان بۆ ناکرێت، زۆرجار هەموو نموونەکان دەبەنە ناو تاقیگەکە و تەنیا هەڵیدەپچڕن و کەوچکێک لە ماددەکە دەردەهێنن و دەیخەنە ناو تەنەکەی خۆڵ،.
ئەو كارمەندەی كوالێتی كۆنتڕۆڵی جۆری سلێمانی دەڵێت: "پشکنین و تاقیگە بووە بە کەوچک و تەنەکەی خۆڵ، ئەگەریش کۆمپانیاکان دەڵێن بەو شێوەیە نییە، با حکومەت دەست بەسەر کامێراکانی چاودێریدا بگرێت و بیانگەڕێنێتەوە بۆ چەند مانگی رابردوو بۆ ئەوەی بزانێ چ جۆرە پشکنینێک لەو تاقیگانەدا دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ