کەجەکە: شێخ محەممەد کەسنەزانی زانایەکی بێ هاوتا بوو
رووداو دیجیتاڵ
کەجەکە رێبەری پێشووی تەریقەتی قادری بە زانایەکی بێ هاوتا ناودەبات، سەرەخۆشی لە کەسوکار و دەروێشەکانی شێخ محەممەد کەسنەزانی دەکات و دەڵێت، "هیوادارین جێگەی بەهەشت بێت".
کۆمیتەی گەل و باوەڕییەکانی کۆنسەی کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە دەڵێت، دەیانویست بەشداری رێوڕەسمی پرسەکەی شێخ محەممەد بکەن و راستەوخۆ سەرەخۆشییان "لەو بنەماڵە هێژایەی" تەریقەتی قادری بکردایە، "بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار نەمانتوانی ئەو خواستەمان بەجێبهێنین".
لە پەیامی کۆمیتەکەی کەجەکەدا هاتووە، ئەوان بڕوایان وایە لە جەوهەری تەریقەتەکاندا ئەو هەوڵە هەیە کە بەها دیموکراتییە ئیسلامییەکان، "پێوەرەکانی ماف و دادپەروەری و ئەخلاق بڵاوبکرێنەوە و پشتیوانیکردن لە کۆمەڵگە لە خەڵک بگەیێنن. یەکێک لە هەوڵە بنەڕەتییەکانى تەریقەتیش ئەوەیە، ئیسلامی محەممەدی بە پاکی بە موسڵمانان بناسێنێت و دژی زوڵم و ناهەقی رایان بووەستنێت".
کەجەکە تەریقەتی قادری بە "یەکەم تەریقەتی ئەو هێڵە دەزانێت، دەڵێت "تەریقەتی قادری لەبەرئەوەى تەریقەتی یەکەمە و لەلایەن زانا و پیرانی کوردەوە لە کوردستان دەستی پێکردووە، بۆ ئێمە مانادار و هێژایە".
لەو پەیامەی کۆمیتەی گەل و باوەڕییەکانی کۆنسەی کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکەدا هاتووە، "شێخ محەممەد عەبدولکەریم کەسنەزانی زانایەک بوو، خزمەتکارێکی رێگەی باوەڕەکەى بوو.. کەسایەتییەکى بێ هاوتا بوو کە نوێنەرایەتیی بەها ئایینی و نەتەوەییەکانى دەکرد".
لەبارەی تەریقەتی قادریشەوە دەڵێت، "قادری لە مەدرەسە و دەرگەی تەریقەتدا هاوبەشیکردن، پشتیوانی، بەرپرسیاری، خاکیبوون و بەهاکانی لەو شێوەیەی ژیان بۆ گەلی کورد و هەموو ناسنامەکان کە بەشداری تەریقەت بوون روون کردەوە و بەو شێوەیە ئەرکە گرنگە ئایینی و نەتەوەییەکەى بەجێهێنا. ئەمڕۆش هەوڵ دەدات درێژە بەو کارانەى بدات".
کەجەکە جەختدەکاتەوە، بە کۆچی دوایی شێخ محەممەد کەسنەزانی، "زۆر خەمناک و ناڕەحەت بوون و لەو بڕوایەدان هەموو شوێنکەوتووان و دەروێشە دڵسۆزەکانی کە یادی دەکەنەوە، ئەو نەریتە ئیسلامییە کوردییە درێژە پێبدەن". داواش لە رێبەر و شوێنکەوتووانی تەریقەتی قادری دەکات، "باشتر هاوکاریی تێکۆشانی یەکگرتووانەى گەلی کورد بکەن".