پۆلیسی دهۆک: گەنجێک ئاگری لە خوشکەکەی بەردا و 80%ی جەستەی سووتاندووە

25-06-2024
ناسر عەلی
A+ A-

رووداو - دهۆک

لە سەنتەری شاری دهۆک گەنجێک دوای لێدان لە خوشکەکەی، ئاگری لە جەستەیشی بەرداوە. پۆلیسی شارەکە گەنجەکەیان دەستگیرکردووە و دانی بە تاوانەکەدا ناوە، جەستەی خوشکەکەیشی "80%ی سووتاوە."

رووداوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 25-06-2024 لە گەڕەکی مالتا لە سەنتەری شاری دهۆک بووە. بەپێی زانیارییەکان، ئەو گەنجە بە تووندی لە خوشکەکەیی داوە و دواتر ئاگری لە جەستەیشی بەرداوە.

پۆلیسی دهۆک لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەو گەنجە بەشێوەیەکی هوڤانە، بە تووندی لە خوشکەکەیی داوە، دوای ئەوەی ئاگری لە جەستەیشی بەرداوە، لە ماڵەوە بەجێیهێشتووە و رایکردووە."

وەکو لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە، دوای ئەوەی ئەو ئافرەتەیان گەیاندووەتە نەخۆشخانە، دەست بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کراوە، پاش چوار کاژێر تۆمەتبارەکە لە ناحیەی چەمانکێی سەر بە قەزای ئامێدی دەستگیرکراوە.

بەپێی پۆلیسی دهۆک، ئەو ئافرەتە دایکی سێ منداڵە، 80%ی جەستەی سووتاوە و ئێستا لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە. لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە بۆئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە