رێکخراوێک: ئەم ساڵ 78 پێشێلکاریی بەرامبەر بە رۆژنامەڤانان و دەزگاکانیان کراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوێکی بەرگریکار لە مافەکانی رۆژنامەڤانان، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 78 پێشێلکاری دژ بە رۆژنامەڤانان و دەزگاکانی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، زۆرترین پێشێلکارییەکان لە هەولێر بووە، 75٪ـی پێشێلکارییەکانیش رێگەنەدان بووە بە رووماڵکردن.
رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، کە یەکێکە لەو رێکخراوانەی داکۆکی لە مافەکانی رۆژنامەڤانان لە هەرێمی کوردستان دەکات، راپۆرتی ئاماری پێشێلکارییەکانی دژ بە رۆژنامەڤانان و دەزگاکانیان لە 1ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ تاوەکو 1ـی حوزەیرانی 2024 بڵاوکردەوە.
رێکخراوەکە رایگەیاندووە: "تادێت پێشێلکارییەکان لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوونن، بەشێوەک ئازادیی کاری رۆژنامەڤانی خستووەتە بەردەم پرسیارەوە. رۆژانه لە هەرێمی کوردستان پێشێلکاریی زەق و ئاشکرا بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان دەکرێت و رێگە نەدان بە روومال و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەڤانی و چاوسوورکردنەوە هەیە."
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەداوە لە ماوەی ئەو پێنج مانگەدا 78 پێشێلکاری تۆمارکراون، کە بەو شێوەیە بووە:
- 145 رۆژنامەڤان پێشێلکارییان بەرامبەرکراوە.
- دوو رۆژنامەڤان دەستگیرکراون
- رێگەنەدان بە رووماڵکردن: 59
- هێرش و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەڤانی: 19
ژمارەی پێشێلکارییەکان بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان:
هەولێر: 46
دهۆک:21
سلێمانی 11
هەڵەبجە: هیچ
ئازاد حەمەدئەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، لەبارەی راپۆرتەکە و راپۆرتی رێکخراوەکانی هاوشێوەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان ئەو رێکخراوە و رێکخراوەکانی دیکەی هاوشێوە بە هاریکار و هاوبەشی خۆیان دەزانن، بەڵام دەڵێت، "لە هەموو دونیا وایە کۆمەڵێک ستاندارد هەیە بۆ نووسینەوەی راپۆرتی پێشێلکاری، لە هەرێمی کوردستان بەداخەوە ئەو ستانداردانە پەیڕەو ناکرێن، چونکە ئەو رێکخراوانە هیچ چاودێرییەکیان بەسەرەوە نییە."
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی: "بە نموونە کاتێک 10 رۆژنامەنووس دەچن بۆ رووماڵکردنی رووداوێک و رێگەیان لێدەگیرێت، ئەمە یەک پێشێلکارییە، بەڵام هەندێک رێکخراو بە 10 پێشێلکاری هەژماری دەکەن، جیا لەوە دادگە دەبێت بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەلابێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی هۆشیاریی یاسایی زۆر جار رۆژنامەڤان پێش دادگە دەکەوێت کە ئەمە هەڵەیە، ئەوە جیا لەوەی کەسێک لە فەیسبووک شتێک دەنووسێت ئەو رێکخراوانە باسی دەکەن ئەگەر پێشێلکاری بەرامبەر بکرێت، واتە هەندێکجار راپۆرتەکان پەیوەندییان بە ئازادیی گشتییەوە هەیە نەوەک رۆژنامەنووسی."