دادگە بڕیاری سزای زیندانیی هەتاهەتایی بۆ بکوژی خواناس وریا دەرکرد
رووداو دیجیتاڵ
دوای ساڵێک لە کوژرانی، ئەمڕۆ دادگەی تاوانەکانی سلێمانی بڕیاری سزای هەتاهەتایی بۆ بکوژی خواناس وریا دەرکرد، باوکی خواناس دەڵێت: "تانەمان لە بڕیارەکەی دادگە داوە، چونکە تاوانێکی قورس بووە و بە ئاشکرا کراوە."
سێشەممە 25ـی حوزەیرانی 2024، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و چەند رۆژێک بەسەر کوشتنی چالاکڤان و شانۆکاری قەزای چەمچەماڵ "خواناس وریا"، دادگەی تاوانەکانی سلێمانی بڕیاری زیندانی تاهەتایی بۆ بکوژەکەی دەرکرد.
کارزان فازڵ، پارێزەری دۆسیەکە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دوای ساڵێک چاوەڕوانی و پێنج دانیشتنی دادگە، دادگەی سلێمانی بڕیاری سزای تاهەتایی بۆ بکوژ دەرکرد، چەند کەسێکیش لە دۆسیەکەدا تۆمەتبارن."
وریا گلی، باوکی خواناس، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە تانەمان لە بڕیارەکەی دادگە داوە، چونکە تاوانێکی ئاوا گەورە، کوشتنێکی ئاشکرا لە شوێنێکی قەرەباڵخ و بەبەرچاوی خەڵکەوە نابێت سزاکەی زیندانی تاهەتایی بێت، دەبووایە سزاکە قورستر بدرێت."
باوکی خواناس گوتیشی: "لە تاوانەکەدا بەڵگەکان، شایەتەکان و هەموو رێکار و شتە پێویستەکان لەبەردەستی دادگە بوون."
هاوکات، پارێزەرێک لە دادگەی چەمچەماڵ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بکوژی خواناس وریا بە سزای هەتاهەتای حوکمدرا، بەڵام بڕیارەکە رەوانەی دادگەی تەمییز دەکرێ و پێدەچێت جۆری سزاکە بگۆڕێت بۆ لەسێدارەدان."
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشکرد، کە چەندین بەڵگە لەبەردەم دادگە هەیە تاوانەکە لە شوێنێکی گشتی کراوە، بۆیە لە کاتی گەڕانەوەی بڕیارەکە بۆ دادگەی تەمییز، "بە ئەگەری زۆرەوە بڕیارەکە دەگۆڕێت بۆ لە سێدارەدان."
کاژێر 05:50ـی ئێوارەی پێنجشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2023، لە نێوەڕاستی بازاڕی گشتیی قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ماتۆڕسوارێک دەستڕێژی گولـلەی لە گەنجێکی تەمەن 25 ساڵان بەناوی خواناس وریا کرد و کوشتی.
رۆژی دواتر رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، "دوای ئەوەی لەنێو بازاڕی چەمچەماڵ کەسێک بە ناوی خواناس وریا کوژرا، لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکان تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکان کرد."