لە پێنج رۆژدا لە ئیلام 145 کەس بەهۆی گەرما رەوانەی نەخۆشخانە کران

رووداو دیجیتاڵ

لە ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان 145 کەس بەهۆی گەرما رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون. بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیش، تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە پلەی گەرما لە هەندێک ناوچەی ئەو پارێزگایە دەگاتە 53 پلەی سیلیزی.
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2024) هیدایەت حەیدەریزادە، سەرپەرشتیاری زانکۆی پزیشکیی ئیلام رایگەیاند، لە پێنج رۆژی رابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، 145 کەس رەوانەی نەخۆشخانەکانی ئەو پارێزگایە کراون.
 
هیدایەت حەیدەریزادە گوتی "لە شاری میهران لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە تائێستا بەهۆی گەرما 55 کەس نەخۆش کەوتوون و رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمام حوسێنی شارەکە کراون، هەروەها لە هەمان ماوەدا 90 کەسیش رەوانەی نەخۆشخانەی شەهیدانی دیلوران کراون."
 
بە گوتەی هیدایەت حەیدەریزادە، منداڵان، بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشیی وەک شەکرە، بەرزە پەستانی خوێن، گورچیلە و دڵیان هەیە، زیاتر گەرما کاریان لێدەکات و پێویستە زیاتر ئاگاداری خۆیان بن و خۆیان لە هاتووچۆی ناپێویست بەدوور بگرن.
 
کەشناسیی پارێزگای ئیلام دەڵێت، ئەو شەپۆلە گەرمایەی لە هەفتەی رابردووەوە پارێزگاکەی گرتووەتەوە، لە رۆژانی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری پلەی گەرمایش هەیە. بەپێی پێشبێنییەکانی کەشناسی، لە رۆژانی داهاتوودا پلەی گەرما لە هەندێک ناوچەی پارێزگای ئیلام بۆ 53 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە.