نەبوونی موەلیدە و کەمیی کارەبای نیشتمانی تەنگی بە دانیشتووانی دوبز هەڵچنیوە

25-06-2024
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
چەند گەنجێک لە ئاوێکی سنووری دوبز مەلە دەکەن و خۆیان فێنک دەکەنەوە. وێنە: رووداو
چەند گەنجێک لە ئاوێکی سنووری دوبز مەلە دەکەن و خۆیان فێنک دەکەنەوە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - دوبز

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمکردنەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا، گەنجانی قەزای دوبزی ناچار کردووە لە پڕۆژەی ئاوی قەزاکە خۆیان فێنک بکەنەوە.
 
بڕینی کارەبا لە دوبز بۆ ماوەی چەند کاژێرێک، خەڵکی تەواو هەراسان کردووە. عەبدوڵڵا ماوەیەکی کەمە جەڵتە لێی داوە و لە ماڵەوەیە، بەڵام کاتێک کارەبا بڕاوە و لە قەزاکەشیان موەلیدە نییە، ناچار لەبەردەم دەرگای ماڵەکەی خۆی لە گەرما رزگار دەکات.
 
عەبدوڵڵا داوود، دانیشتووی دوبز دەڵێت، "گەرمە زۆر گەرمە؛ هاتووینەتە دەرەوە بۆئەوەی کارەبا بێتەوە، ناتوانم ئاوا، چونکە نەخۆشم، زۆر نەخۆشم."
 
قەزای دوبز دەگمەنە ناوچەیە لە عێراق تائێستا کارەبای موەلیدەی نییە، چونکە ساڵانێکی زۆرە لەو شارۆچکەیە کارەبای نیشتمانی 24 کاژێر هەبووە، ماوەیەکی کەمە چەند کاژێرێک کەم کراوەتەوە، بەڵام بە گوتەی دانیشتووانی دوبز، ئێستا لە 24 کاژێردا کەمتر لە 10 کاژێر کارەبایان هەیە.
 
دووکاندارەکان موەلیدەی بچووک دادەنێن، بەڵام نەبوونی فێنککەرەوە و تینی گەرماکە خەڵکی بێزار کردووە. پۆڵا شێرکۆ، دانیشتووی دوبز دەڵێت، "بڕیار دراوە سێ کاژێر هەبێت و سێ کاژێر ببڕێت، لە کارەبای ئێمە بەنداوی دوبز بەرهەمهێنانی هەیە، ئاوی کەرکووک دابین دەکەین، نەوتی باکوور و بای حەسەن و هاڤانامان هەیە، حساب بۆ دوبز نەکراوە."
 
عەبدولعەزیز ئەحمەد، دانیشتووی دوبز ئاماژەی بەوە کرد، "کارەبامان هیچ نییە، سفرە. 10 رۆژە کارەبا هیچ نییە. ئەمشەو هەر نەبووە." تەها یاسین، دانیشتووی دوبز دەڵێت، "خوا وەکیلە و محەممەد کەفیلە، کارەبا لای ئێمە سفرە."
 
ئیدارەی قەزای دوبز دەڵێن، جیاواز لە رابردوو، ئێستا ناوچەکەی ئەوانیش خراوەتە نێو خشتەی گشتیی پێدانی کارەبای نیشتمانی، داوا دەکەن خەڵک رێگە بدەن موەلیدە دابنرێت.
 
حەسەن نسەیەف، قایمقامی دوبز بە وەکالەت دەڵێت، "هەندێک کات ئاسانکاری دەکەن لە کەمکردنەوەی کاتەکانی بڕین، بۆیە مادام چووینەتە ناو بەرنامەکەوە، کەواتە وەکو هەموانین، گەر باشتر بێت، بڕین و شەت داون روو دەدات. ئێمە لە قەزاکە رێنوێنیمان ئەوەیە، وەکو شوێنەکانی دیکە پشت بە هێنانی موەلیدە ببەستن."
 
قەزای دوبز چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبای هەیە و خەریکە وێستگەی نوێ دەکرێنەوە. بڕە کارەبایەکی زۆر دەخەنە تۆڕی نیشتمانییەوە، بۆیە دانیشتووانی قەزاکە بە مافی خۆیانی دەزانن بەهۆی ئەو زیانانەی لە بەرهەمهێنانی کارەبا بەر ناوچەکەیان دەکەوێت، پشکی زیاتریان هەبێت لە ناوچەکانی دیکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە