لە سنە 210 بەندکراو ئازاد کران

25-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان 210 بەندکراو لە گرتووخانەکانی ئەو پارێزگایە ئازاد کران.
 
بەشێک لەو بەندکراوانە بەر لێخۆشبوونی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کەوتوون، بەشێکیشیان بەهۆی دانەوەی قەرزەکانیان لەلایەن خێرخوازان و دەستەی دیەی پارێزگاکە، لە گرتووخانە ئازاد کران.
 
رێوڕەسمی ئازادکردنی ئەو بەندکراوانە، دوێنێ دووشەممە لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرسی پارێزگای سنە بەڕیوەچوو.
 
سەید حوسێن حوسێنی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای سنە، لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند، "لەو 210 بەندکراوەی ئەمڕۆ لە گرتووخانەکانی ئەو پارێزگایە ئازاد کران، 62 کەسیان بەر لێخۆشبوونی رێبەر بەبۆنەی جەژنی قوربان و جەژنی غەدیرەوە کەوتن، 40 کەسیان بەهۆی دانەوەی قەرزەکانیان لەلایەن دەستەی دیەی پارێزگاکەوە ئازاد کران و 108 کەسەکەی دیکەش بە رەزامەندیی داواکارە گشتییەکانی شارەکانی پارێزگاکە ئازاد کران."
 
رۆژی دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، ناوەندی راگەیاندنی نووسینگەی رێبەری ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بڕیاری لێبووردنی گشتی و کەمکردنەوەی سزای بۆ 2654 زیندانی دەرکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە