مامۆستایەکی زانکۆی سەلاحەدین: نەخۆشییەک بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی گوێز لە کوردستان

رووداو دیجیتاڵ 

مامۆستایەکی زانکۆی سەلاحەدین هۆشداری لەنێوچوون و کەمبوونەوەی دارگوێزەکانی دەڤەری باڵەکایەتی پارێزگای هەولێر و ناوچەکانی دیکەش بەهۆی نەخۆشییەکەوە دەدات و دەڵێت: "نەخۆشییەکە بەمدواییە تووشی دارەکان بووە."
 
د. مەجید حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییی رووەکەکان لە کۆلێژی زانستە ئەندازییە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سەلاحەدین، بانگەوازێکی ئاراستەی باخدارانی دارگوێز و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سۆران کردووە و دەڵێت: "نەخۆشییەک هەڕەشەی لاوازیی دار گوێزەکانی باڵەکایەتی و کەمبوونەوە و بێکوالیتیی بەرهەمەکانیان دەکات."
 
ئەو پسپۆڕە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند سالێکە نەخۆشی ئەنسراکنۆز (Anthracnose) کە هۆکارەکەی چەند جۆرە کەڕوویەکە بەناوەکانی (Colletotrichum sp) و (Gnomonia) بەشێوەیەکی بەربڵاو تووشی دارگوێزەکانی دەڤەری باڵەکایەتی و ناوچەکانی دیکەی کوردستان لەوانە هەورامان و هەڵەبجە و شارباژێر بووە، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی زیاتر لە نیوەی بەرهەمی گوێز و لاوازکردنی دارەکان و خراپکردنی کوالیتیی بەرهەمی گوێز."
 
ئەو نەخۆشییە بەپێی ئەو مامۆستایەی زانکۆ پەلەی رەش و قاوەیی باو و تۆخ بە شێوەی ناڕێک و بە قەبارەی جیاواز لەسەر گەڵا و لقە گەنجەکان و دروست دەکات. دەشڵێت: "لەگەل دەرکەوتنی گەڵا نوێیەکان لە سەرەتای بەهار ئەو نەخۆشیە دەردەکەوێت کاتێک رێژەی باران و شێ و با زۆرە، ئەو نەخۆشیە گەشە دەکات و بڵاودەبێتەوە، بەتێپەڕبوونی کات جۆری کەڕووی دیکەش بەشدار لە گەشە و نیشانەکانی ئەو نەخۆشیە بەشدار دەبن."
 
پسپۆڕەکەی زانکۆی سەڵاحەدین ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، ئەو نەخۆشییە لە ساڵانی داهاتوو مەترسیەکەی زیاتر دەبێت، گوتی: "ئەوەی سەیرە، 10 ساڵ لەمەوبەر ئەو نەخۆشییە نەبووە، بەڵام چوار پێنج ساڵێکە نەخۆشییەکە بەزۆری بڵاوبووەتەوە."
 
بەهۆی بەرزیی دارگوێزەکانەوە بەکارهێنانی دەرمان و دژەکەڕوو بەدەست زەحمەتە، ئەو پسپۆڕە دەڵێت: "دەکرێت بە ئامێری تایبەت بکرێت، بەڵام ئەو ئامێرانە لە کوردستان نین."
 
د. مەجید حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی رووەکەکان لە کۆلێژی زانستە ئەندازییە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، پێیوایە نەخۆشییەکە پێدانی رێنمایی بە خاوەن باخەکان، دابینکردنی دەرمان و ئامێری رشاندنی دژە کەڕوو، بەکارهێنان و دابینکردنی درۆن بۆ رشاندنی دژەکەڕووەکان چارەسەر دەبێت.
 
مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەددین کە دوای چەندین توێژینەوەی لە تاقیگە گەیشتووە بەو دەرئەنجامە، باسی چەند چارەسەرییەکی دیکەش بۆ نەخۆشییەکە دەکات، لەوانە بەکارهێنانی دەرمان لە سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە و دواتر لە وەرزی پاییز لە دوای هەڵوەرینی گەڵای دار گوێزەکان و لەنێوبردنی گەڵاکان کە کەڕووەکەکانیان بۆ وەرزی داهاتوو بەسەرەوە دەمێنێتەوە.