نزیکەی 30 رۆژە جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکووک مانیان گرتووە؛ دژی بڕیارەکانی پێشووی رژێمی بەعسن

26-06-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
مانگرتنی جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک. وێنە: رووداو
مانگرتنی جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

ماوەی 25 رۆژە جووتیارانی کورد و تورکمانی تۆپزاوا و یایچی و تسعین لەژێر خێوەتێکدا مانیان گرتووە. مانگرتنی ئەوان دژی بڕیارەکانی پێشووی رژێمی بەعسە کە خەریکە لەسەریان زیندوو دەکرێتەوە و هەوڵ هەن دەست بەسەر زەویوزاریان بگیرێت.
 
ساتح ناسیح، جووتیاری تۆپزاوا لە سەرەتای مانگرتنەکەوە هەموو رۆژێک لەژێر خێوەتەکە ئامادەیی هەبووە و دەڵێت، بڕیارەکەی لیژنەی مادەی 140 یەکێکە لە داواکارییەکانیان، بەڵام هێشتا کاری زیاتری دەوێت، "نزیکەی 900 هەزار دۆنم زەوی کە سەرجەمیان هی کورد و تورکمانن، چارەسەر دەبن بەپێی ئەم بڕیارە، ئەگەر جێبەجێ بکرێت."
 
عەرەب زۆر بە تووندی دژی بڕیارەکەی مادەی 140ن، عەزام حەمدانی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی عەرەبی دەڵێت، ئەو بڕیارە نە یاسایی و نە دەستوورییە، هەوڵ دەدەن رێگری لە جێبەجێکردنی بکەن.
 
گوتەبێژی ئەنجومەنی عەرەبی رایگەیاند، "بڕیاری کۆتایی لەسەر پووچەڵکردنەوەی گرێبەستەکان بڕیارێکی سیاسییە، زۆربەی ئەو بڕیارانەی پێشوو کە زەوی دراونەتە عەرەب، زەوی ئەمیری بوون؛ هی دەوڵەت بوون، نەک هی کورد و تورکمان. دواتر ئەوە بڕیاری چاکسازیی کشتوکاڵیبوونە، لەو چوارچێوەیەدا دراونەتە عەرەب، نابێت سزادانی گشتی هەبێت."
 
تورکمان لەم پرسەدا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە، ئەوان پێشتر کە مادەی 140یان رەتکردووەتەوە، ئێستا دەیانەوێت ئەو بڕگانەی لە بەرژەوەندیی جووتیارانە، جێبەجێ بکرێت و ئەوەی دیکە پەراوێز بخرێت.
 
ماردین چۆخ قایا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی دەڵێت، "مادەی 140 بەم شێوەیە ناتوانێت سەرجەم کێشەکانی کەرکووک چارەسەر بکات، دەبێت هەندێک بڕگەی لێبکرێتەوە، هەندێک بڕگەی سوودمەندە بۆ سەرجەم خەڵکی کەرکووک، هەندێکی ئێمە تێبینیمان لەسەری هەیە، لە چۆنێتی دێڕەکەی و دەربڕینەکەی و ئەنجامەکەی."
 
لایەنی کورد دەمێکە لە هەوڵدان لە رێگەی لیژنەی مادەی 140ـەوە چارەسەری کێشەی جووتیاران بکەن. کورد بە هەموو هێزی سیاسیی خۆیەوە کار بۆ لابردنی بەربەستەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن.
 
جەنگی عێزەدین، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، "بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش کە تایبەتە بە کەرکووک، هەڵنوەشاونەتەوە. دەبێت ئەو لیژنەیە لە ساڵی 2015 لە بەغدا هەبوو، کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و لەسەر گوشاری عەرەب کە پەیوەستن بە کێشەکە راگیراوە، دەبێت لە پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و کارا بکرێتەوە. تورکمانیش رەنگە لەگەڵمان هاوهەڵوێست بن."
 
لیژنەی مادەی 140 بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ناوچەی باکووری رژێمی هەڵوەشاوە لەسەر زەویوزار بە فەرمی لایەنەکانی لە حکومەتی عێراق ئاگادار کردووەتەوە کە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە زۆربەی کێشەکانی زەوی لە سنووری کەرکووک چارەسەر دەبن، جگە لەو زەوییانەی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی هەڵوەشاوەیان لەسەرە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە