بازاڕی ئەمین لە شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاگری گرت و زیاتر لە 100 دووکان سووتان


رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە بازاڕێکی شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 دووکان بەتەواوەتی سووتان و زیاتر لە 12 کەسیش بریندارن.
 
رۆژی یەکشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2023، بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کاژێر 21:30 ئەمشەو ئاگر لە بازاڕی ئەمینی نەغەدە کەوتەوە و بە تەواوەتی سووتا.
 
بازاڕەکە لە 110 دووکان پێکهاتووە و محەممەد نەوبەخت، قایمقامی نەغەدە دەڵێت، بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە 12 کەس تووشی سووتان و تەنگەنەفەسی بوون، کە سەرجەمیان خاوەن دووکانەکان بوونە و بۆ رزگارکردنی کەلوپەلەکانیان چوونەتە نێو بازاڕەکەوە.
 
محەممەد نەوبەخت دەڵێت، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لە دەسەڵاتی بەرگریی شارستانیی نەغەدەدا نەبووە، بۆیە لە مهاباد و پیرانشارەوە تیمی بەرگریی شارستانی هاتوون و هاوکاربوون بۆ کوژاندنەوەی، هەرچەند هەموو بازاڕەکە سووتاوە، بەڵام ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و مەترسی ئەوەشی لێدەکرێت جارێکی دیکە سەرهەڵبداتەوە و بپەڕێتەوە بۆ شوێنەکانی دیکە.
 
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بۆ رووداو نێردراون، بازاڕەکە تایبەت بووە بە جلوبەرگ و پێداویستییەکانی نێوماڵ، لە ئەنجامی ئاگرەکە سەرجەم دووکانەکان سووتاون، بەڵام هەندێک لە میدیا باس لەوە دەکەن ژمارەی دووکانە سووتاوەکان 110 دووکانە و 15 کەسیش لە ئاگرەکەدا بریندار بوون.
 
ساڵی 2013 بازاڕی ئەمین لە ناوەندی شاری نەغەدە لەلایەن دوو سەرمایەداری کوردی ئەم شارە بە ناوەکانی حوسێن مەولوودی و حەسەن بەهرامی دروستکراوە و خاوەن دووکانەکان هەموویان کوردن.