دوای بەرنامەیەکی لەگەڵ رەنج؛ چەند گرووپێکی گەشتیاری لە باشوورەوە چوونەتە باکووری کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
گەشتیارانی باشووری کوردستان گرنگی بە ناوچە گەشتیارییەکانی باکووری کوردستان نادەن و زیاتر سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی تورکیا دەکەن. سەرۆكی لقی سلێمانیی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت؛ "ئێستا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆمپانیا و بەرپرسانی گەشتیاریی باکووری کوردستان بەهێزکردووە و چەندین گرووپی گەشتیاریمان رەوانەی باکووری کوردستان کردووە."
رۆژی یەکشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2023، بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی جەودەت ئۆزگۆگچە، سەرۆكی یەكێتیی ئاژانسەكانی گەشتیاری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، دەرباز بویوكسو، سەرۆكی شارەوانیی قەزای ئەسەندەرە، سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بازاڕكردن لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، زریان بەهجەت، سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان و عەتا ئەنوەر، سەرۆكی لقی سلێمانیی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان؛ گرنگیی كەرتی گەشتیاریی نێوان باكوور و باشووری كوردستانیان تاوتوێکرد.
پەیوەندیی گەشتیاریی باشوور و باکووری کوردستان
عەتا ئەنوەر، سەرۆكی لقی سلێمانیی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت؛ "بەرنامەی پێشووی لەگەڵ رەنج وایکرد بتوانین دوو گرووپی گەشتیاری لە سلێمانی دروستبکەین و بیانبەین بۆ شاری وان، بڕیاریشە بەردەوامبین بۆ ناردنی گرووپی گەشتیاری بۆ باکووری کوردستان."
عەتا ئەنوەر داوا لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەکات لە باکووری کوردستانەوە گرووپی گەشتیاری دروستبکرێت و بێن بۆ هەرێمی کوردستان و دەشڵێت؛ لە17ی مانگی هەشتی 2023 پێشانگەیەكی گەورەی گەشتیاری لە سلێمانی دەكرێتەوە، بۆ ئەو پێشانگەیە بانگهێشتی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی باكووری كوردستان دەكەن بەشداربن.
سەرۆكی لقی سلێمانیی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان گلەیی لە كۆمپانیاكانی گەشتیاریی باكووری کوردستان كرد كە داشكاندنی نرخ بۆ گەشتیارانی رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر دەكرێت، بەڵام بۆ ئەوان ناكرێت و وەکو ئاماژەی پێدەدات "لە باكوور نرخ بۆ گەشتیاری ئێرانی هەرزانترە".
جەودەت ئۆزگۆگچە، سەرۆكی یەكێتیی ئاژانسەكانی گەشتیاریی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لەبارەی گلەیی عەتا ئەنوەر لە جیاوازیی نرخ بۆ گەشتیارانی باشووری کوردستان بەڵێنیدا ئەو جیاوازییە نەهێڵێ.
"هەرزان بوونی نرخی ڤیزا دەگەیێنینە بەرپرسانی توركیا"
دەرباز بویوكسو، سەرۆكی شارەوانیی قەزای ئەسەندەرە پێیوایە؛ بەفەرمیكردنی دەروازەی سەرزێڕ دەبێتە هۆكارێك بۆ زیادبوونی جموجووڵی گەشتیاری لە نێوان باكوور و باشووری كوردستان، بۆیە بەمنزیکانە دەروازای سەرزێڕ دەبێتە 24 كاژێری، "ئەوەش وادەکات هاتووچۆی گەشتیاری لە نێوانماندا زیاتر ببێت."
دەرباز بویوكسو، سوپاسی رووداو دەکات کە بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی هەردوولا زیاتر یەكتری بناسن و لەو رێگایەشەوە ئاڵوگۆڕی گەشتیاری زیاتر دەبێت. هاوکات گەشبینە بەوەی داواكارییەكانیان بۆ هەرزانبوونی ڤیزەی توركیا كاریگەری خۆی دەبێت و دووپاتیدەکاتەوە؛ "ئێمە ئەو داوایە دەگەیەنینە بەرپرسانی توركیا و ئەوەش كاریگەری خۆی دەبێت".
گەشتی ئاسمانیی وان-هەولێر و وان-سلێمانی
رۆژی 25-12-2022 سەرۆكی فیدراسیۆنی پیشەسازی و جیهانی كار، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج کە لە شاری وان بەڕێوەچوو، باسی لەو گرفتانە کرد کە بوونەتە لەمپەر لەبەردەم گەشتی راستەوخۆی هەولێر و سلێمانی بۆ شاری وان و گوتی؛ بەشێک لە کێشەکان پەیوەستن بە حکومەتی تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نەبوونی گەشتی ئاسمانی راستەوخۆ لە هەولێر و سلێمانییەوە بۆ شاری وان.
موسلیم ئەربای رایگەیاند، کە ئەوان هەموو رێکارە یاساییەکانیان بۆ دەستپێکردنی گەشتی ئاسمانی تەواوکردووە و تەنانەت کۆمپانیای فرۆکەوانیش ئامادەی کارە و چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ ئەوەی رەزامەندی بدات بە دەستپێکی گەشتی راستەوخۆی وان و هەولێر - سلێمانی.
سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بازاڕكردن لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان گوتی؛ "شاندێک بە سەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ شاندی پارێزگای وان کۆبوونەوە و هەموو ئامادەکارییەکیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی گەشتی ئاسمانی راستەوخۆ لەنێوان هەولێر و وان دەستپێبکات.
کردنەوەی سنوور بەڕووی پاسە گەشتیارییەکان
زریان بەهجەت، سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان بە گرنگی دەزانێت خەڵکی پارچەکانی کوردستان تێکەڵاوی و هاتووچۆیان لەگەڵ یەکتر هەبێت و دەڵێت؛ شارەکانی باکووری کوردستان بۆ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان نزیکترن و لەڕووی گەشتیاریشەوە لە شارەکانی تورکیا خۆشترن، بەدەر لەمانەش لە قسەکردنیشدا کێشەیان نابێت لەبەر ئەوەی یەک زمانین و هەموومان کوردین.
زریان بەهجەت داوا دەکات؛ رێگە بدەن لەدەروازەی سنووری سەرزێڕەوە بە پاس گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق ببەین بۆ وان و شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان و پێیوایە؛ ئەمە تێچووی سەفەرەکە لەسەر گەشتیاران کەمتر دەکاتەوە، وەکو ئاماژەشی پێدەدات لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلیشەوە رێگە نادەن پاسی عێراقی بچێتە نێو خاکی تورکیاوە و پێویستە ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت.
گرانیی نرخی ڤیزای توركیا گرفتێكی دیكەی گەشتیارانی هەرێمی كوردستانە
سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند؛ "پێشتر ڤیزەمان بە 70 بۆ 80 دۆلار وەردەگرت، ئێستا بووەتە 180دۆلار و ئەوەش بۆ گەشتیار زۆرە".
بە گوتەی زریان بەهجەت؛ هۆكاری گرانیی نرخی هۆتێلەكانی هەرێمی كوردستان بۆ گەشتیاران دەگەڕێتەوە و دووپاتیدەکاتەوە؛ "ئەگەر بمانەوێ گەشتیارێكی زۆرتر بێتە كوردستان، دەبێت نرخی هۆتێلەكان هەرزانتر بكرێن، بۆ ئەمەش پێویستە نرخی كارەبای هۆتێلەكانی هەرێمی كوردستان هەرزان بكرێن".
لە باكوور شوێنی گەشتیاری هەیە 20 هەزار ساڵە بەفرەكەی نەتواوەتەوە
هەر لە بەرنامەكەدا كۆمەڵێك گەنج و خاوەنی كۆمپانیا گەشتیارییەكان ئامادەبوون و بەشێكیان سەرنجی جیاوازیان خستەڕوو، خاوەنی كۆمپانیایەكی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستانیش گوتی "داوا لە گەشتیارانی هەرێمی كوردستان دەكەم سەردانی وان بكەن، نرخی گەشتەكەش زۆر هەرزانە، بۆ نموونە بۆ پێنج رۆژ 200 دۆلار خەرجی دەبێت، ئەگەربێن دیمەنی زۆر سەرنجڕاكێش دەبینن، جگەلە بینینی دەریاچەی وان، لە جۆلەمێرگ چیا هەیە 20 هەزار ساڵە بەفرەكەی نەتواوەتەوە".