بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لە ورمێ چوار کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رێگەی نێوان ورمێ - سەلماس لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رووداوی هاتووچۆ لە نێوان ئۆتۆمبێلێک و بارهەڵگرێکدا روویدا و چوار کەس گیانیان لەدەستدا.
رۆژی یەکشەممە 25ـی حوزەیرانی 2023 لە ملەی قوشچی نێوان ورمێ و سەلماس لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا کێشا و بەهۆیەوە هەردوو ئۆتۆمبێلەکە ئاگریان گرت.
رەزا پەناهی موقەدەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی جۆری سەمەند لە ورمێوە بەرەو سەلماس رۆیشتووە و لە ملەی قوشچی لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر پێکیانداداوە.
بە گوتەی رەزا پەناهی موقەدەم، چوار سەرنشین لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون و لەگەڵ پێکدادانەکە ئۆتۆمبێلەکەیان گڕیگرتووە و هەر چوار سەرنشینەکە سووتاون و دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.
رێگەی نێوان ورمێ - سەلماس یەک سایدە و بەهۆی بەرتەسکی و خراپی رێگەکە رووداوی هاتووچۆ زۆر روودەدەن، بەتایبەتی لە ملەی قوشچی بووەتە هۆی زۆربوونی رووداوەکانی هاتووچۆ، بەگوێرەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ورمێ، رووداوەکەی ئەمڕۆ بەهۆی تیژڕۆییەوە روویداوە.
رێگەی نێوان سەلماس - ورمێ 91 کیلۆمەترە و ملەی قوشچی 52 کیلۆمەتر لە شاری ورمێ و 39 کیلۆمەتر لە سەلماسەوە دوورە.