رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی پێنج کەسی لە بەردەڕەش بەهۆی دزینی گەنم دەستگیر کران. جووتیارێک دەڵێت، نزیکەی پێنج تۆن گەنمی لێ دزراوە و داوا دەکات تۆمەتباران سزا بدرێن. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە 10 رۆژدا 20 کەس بەتۆمەتی دزیکردن لە سنوورەکە دەستگیر کراون.
میقداد ئیسماعیل، یەکێک لەو جووتیارانەی کە دزی لێکراوە بە رووداوی گوت، "بەرهەمی گەنمی ئەمساڵمان ئامادە کردبوو کە بیبەین بۆ سایلۆ، بەڵام هەستمان کرد کە گەنمەکە کەمی کردووە و لێی دزراوە. بۆیە هێزە ئەمنییەکانمان ئاگادار کردەوە."
لە 10 رۆژدا هێزە ئەمنییەکانی بەردەڕەش چوار گرووپی دزیکردنیان دەستگیر کردووە کە لە 20 کەس پێکهاتوون، 5 کەس لەسەر دزینی گەنم، سێ کەس لەسەر دزینی محاویلەی کارەبا، سێ کەسی دیکەیش لەسەر دزینی کێبڵ و 9 کەسیش لەسەر دزینی ئاژەڵ دەستگیر کراون.
جەوهەر ئیسماعیل، جووتیارە و دەڵێت، "داوا دەکەین مافی ئێمە نەخورێت و تۆمەتباران سزا بدرێن، دەبێ تەمبێ بکرێن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کاری وانەکەنەوە، بەڕاستی ئەمە شەرمە. ناکرێت ساڵێک خزمەتی گەنم بکەین و دواتر بدزرێت."
لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی بەردەڕەش دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە کە تەمەنیان لەنێوان 22-37 ساڵیدایە و دانیشتووی سنوورەکەن. دانپێدانانیان کردووە کە بە دوو ئۆتۆمبێل دزییەکەیان کردووە و هەر لە بەردەڕەش گەنمەکەیان فرۆشتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ