رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵمەتێکی هاوبەشی هێزە سەربازییەکانی عێراقدا لە باشووری کەرکووک، سێ چەکدار کوژران.
حەشدی شەعبی رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سوپا، توانیویانە لە سنووری گوندی تڕکەلان لە باشووری شارەکە گەمارۆی سێ چەکدار بدەن و هەرسێکیان بکوژن.
هاوکات لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزە ئەمنییەکان جموجووڵی ژمارەیەک چەکداریان خستبووە ژێر چاودێرییەوە کە لە سنووری رەشادەوە هاتبوون بۆ ناوچەیەکی ئارامتر، لەو خانووانەی پێشتر داعش بەکاری هێنابوون کە چۆڵە، خۆیان حەشاردابوو.
فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک گوتی، دوای ئاشکرابوونی پیلانەکەیان، لەلایەن هێزەکانی ئەوان و هێزە سەربازییەکانی دیکەی کەرکووک چەکدارەکان گەمارۆ دران و دواتر کوژران.
سەرچاوەیەکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکیش بە رووداوی گوت، هێزی ئاسمانیی عێراقی رۆڵی هەبووە لە کوشتنی چەکدارەکان و ئاشکراکردنی جموجووڵەکانیان، تەرمی هەرسێ چەکدارەکەش کەوتنە ژێر دەستی هێزە ئەمنییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ