رووداو دیجیتاڵ
سبەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی دووشەممە 26-06-2023، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەکە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ دەبێت. رووداو زانیویەتی، مەکتەبی سیاسیی هەردوولا لەبارەی "لێکەوتەکانی دوای پەسندکردنی بودجەی عێراق، دۆخی سلێمانی، هەڵبژاردن لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و نەینەوا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، یەکێتی داوایکردووە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی کۆببنەوە، ئەوانیش وەڵامیان دەدەنەوە و رەنگە هەفتەی داهاتوو کۆببنەوە.
هۆشیار زێباری گوتیشی، لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام گفتوگۆیان هەبووە و پەیوەندییان نەبڕاوە، ئەوان ئامادەن بۆ کۆبوونەوە و دەیانەوێت هەر گرفتێک هەبێت لە کۆبوونەوەدا بخرێتە بەرباس بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت.
چەند رۆژێکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەستی بە گەڕێکی کۆبوونەوە لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکان کردووە، کۆبوونەوەکانی لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەستپێکرد و ئەمڕۆش لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆبووەوە.
شاندەکەی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حیزبەکە بوو، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی سەلاحەدین بەهائەدین پێشوازییان لە شاندی یەکێتی کرد.
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی یەکێتی و یەکگرتووەوە گوتی: هەردوولا لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و کاری پێکەوەییان لە هەڵبژاردنەکە گفتوگۆیان کردووە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، یەکێتی مەبەستییەتی لە هەر پرۆژە پێشنیاز و یاسایەک کە لە پەرلەمانی عێراق بۆ سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە پێشکێشی بکات، پشتگیریی ئەو لایەنانە بەدەستبهێنێت کە پەرلەمانتاریان لە بەغدا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ