وەزارەتی کارەبا: کێشە تەکنیکییەکەی کۆرمۆر چارەسەر کرا و 1,800 مێگاوات کارەبا گەڕایەوە

25-06-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، کێشە تەکنیکییەکەی کێڵگەی کۆرمۆر چارەسەر بوو و 1800 کارەبا بۆ وەزارەتی کارەبا گەڕاوەتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 25-6-2023، لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "ئەو گرفتەی لە کێڵگەی کۆرمۆر ببووە هۆی وەستانی پڕۆسەی گواستنەوەی گازی شل بۆ وێستگەکانی کارەبا چارەسەرکرا و ئێوارەی ئەمڕۆ دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە و 1800 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی دەگەڕێتەوە".
 
پێش راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کارەبا، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کێشەی کێڵگەی کۆرمۆر تەواو تەکنیکی بووە و چارەسەر کراوە و لە چەند کاژێری داهاتوودا دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.
 
دوێنێ وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، گرفتێكی تەكنیكی لە پڕۆسەی گواستنەوەی گاز لەلایەن كۆمپانیای گواستنەوەوە بۆ نێو کۆگەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دروستبووە و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا هەزار و 800 مێگاوات کەمبووتەوە.
 
هەرێمی کوردستان 4 هەزار و 200 بۆ 4 هەزار و 300 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت کە 75%ـی لە رێگەی سووتەمەنییەوەیە؛ بەڵام لە وەرزی هاویندا بۆ کارەبایەکی 24 کاژێری، هەرێمی کوردستان پێویستی بە 5 هەزار و 500 مێگاوات کارەبایە.
 
لە نەبوونی کارەبای نیشتمانییدا، هاونیشتمانیان لە رێگەی موەلیدەوە کارەبایان پێدەدرێت، کە بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، زیاتر لە 5 هەزار موەلیدە لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە