نوێنەری جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک: رۆژانی جەژنیش لە خێوەتەکانماندا دەبین

25-06-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن کەرکووک جووتیارانی کورد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ، 25 رۆژ بەسەر دەستپێکی خۆپیشاندانی جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکووک دژی "داگیرکردن"ـی زەوییەكانی كەرتی 23ـی دیبەگتەپە و 24ـی تۆپزاوا تێپەردەبێت.  نوێنەری جووتیاران دەڵێت "ئەگەر بەهۆی خۆپیشاندان و هەڵدانی خێوەتەکانمان نەبوایە، لەمێژبوو زەوییەکانمان لێ وەرگیرابوو، بەڵام ئێمە شۆڕشگێرین و بەردەوام دەبین، جەژنیش لەنێو خێوەتەکانماندا دەکەین".
 
جووتیارەکان دژی بڕیارێکی  فەرماندەی فیرقەی 11ـی سوپای عێراق وەستاونەتەوە، کە 29ـی ئایار بە نووسراوی فەرمی داوای لە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک کردووە، دەست بەجیاکردنەوەی زەوییەکانی کەرتی 23ـی دیبەگتەپە و 24ـی تۆپزاوا لە باشووری کەرکووک بکەن بۆ سوپای عێراق. 
 
سامی غەفوور، نوێنەری جووتیارانی کورد و تورکمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بڕیار بوو جیاکردنەوە بۆ زەوییەکان بکرێت، بەڵام جارێ بڕیارەکە راگیراوە، ئەو راگیرانەش بەهۆی خۆپیشاندان و خێوەت هەڵدانەکەی ئێمەوە بووە، ئەگەرنا لەمێژبوو جیاکردنەوە بۆ زەوییەکان کرابوو".
 
بەگوتەی سامی غەفوور، زۆر لایەن بەرامبەر مانگرتن و خۆپیشاندانەکانیان هەڵوێستیان وەرگرتووە، بۆیە ئەمڕۆ کاژێر 10:00 بۆ 11:00ـی پێشنیوەڕۆ کۆنگرەی رۆژنامەڤانییان دەبێت لەبارەی دەستکەوتەکانی ئەم 25 رۆژەیان و، دەڵێت "ئێمە، شۆڕشگێڕین. بۆ رۆژانی جەژنیش لە گردبوونەوە و خێوەتهەڵدان بەردەوام دەبین، تاوەکو دەگەینە رێگەچارەیەک".
 
زەوییەکان نزیکەی 13 هەزار دۆنمە و زۆربەی هی کوردە و بەشێکیشیان هی تورکمانە، ئەو زەوییانە ناوچەکانی تۆپزاوا، یایچی، ترکەلان، تسعینی کۆن، دیبەگتەپە، گۆمبتلەر و چەند گوند و ناحیەییەکی دیکە دەگرێتەوە. ئەو زەوییانە کورد و تورکمان لە باشووری کەرکووک خاوەنیانن، لەسەردەمی رژێمی بەعسدا لێیان سەندراوەتەوە و خاوەنەکانیان دەربەدەر کراون، ئەوکاتە موڵکیەتیان گۆڕدراوە بە ناوی وەزارەتی بەرگری، هێزەکانی سوپا بەو بەڵگەیەوە دەیانەوێت زەوییەکان لە جووتیاران زەوت بکەن.
 
لە دوایین پێشهات لەوبارەیەوە، رۆژی 19-06-2023 هادى عامرى، سەرۆکى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 نووسراوێکى ئاراستەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق کرد و، تێیدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 29ـی ساڵى 2012 دەکاتەوە، کە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى ئەو کاتەی عێراقەوە دەرکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم بڕیارەکانى کاروبارى باکوورى سەردەمى دەسەڵاتی بەعس.
 
بڕیارەکە جەخت دەکاتەوە لە هەڵوەشاندنەوەی مافى مامەڵەکردن بە زەوییە کشتوکاڵییەکان لە کەرکووک بۆ ئەو کەسانەی عەرەب نین و، داوایکردووە ئەو گرێبەستە کشتوکاڵییانەى واژۆکراون، هەڵبووەشێندرێنەوە و دۆخەکە بگەڕێندرێتەوە بەرلە دەرکردنى ئەو بڕیارانەى حیزبى بەعس. هادى عامرى لەو نووسراوەدا ئاماژەى بەوە داوە ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، کارایە و نابێت ئەو گرێبەستانە نوێ بکرێنەوە.  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە