خوشك و برایەك لە سۆران بێسەروشوێن دەبن

رووداو- سۆران

كاژێر 10ی بەیانی رۆژی هەینی رابردوو رووخسەت لە دایكیان وەردەگرن بۆ ئەوەی سەردانی ماڵە داپیریان بكەن، بەڵام زیلان و زریان لە نێوان گەڕەكی شەهیدانی جوندیان و نەورۆزی قەزای سۆران دیارنامێنن و تاوەكو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە. مامێكی ئەو دوو منداڵە گومان دەكات برازاكانی رفێنرابن.

زیلان، تەمەن 13 ساڵ و زریان عەلی عەزیز، تەمەن 9 ساڵ كە خوشك و بران، دانیشتووی گەڕەكی شەهیدانی جوندیانن لە قەزای سۆران. رۆژی هەینی رابردوو 22/6/2018 لە رێگای چوونیان بۆ ماڵە داپیریان دیار نامێنن و ون دەبن، كەسوكاریان لەو رۆژەوە سۆراخیان دەكەن، بەڵام هیچ سەرەداوێكیان دەستنەكەوتووە.

ئەزوەر عەزیز، كە مامی ئەو دوو منداڵەیە بە (رووداو)ی گوت: "زیلان و زریان ئەو رۆژە روخسەتیان لە دایكیان وەرگرتووە، بۆ ئەوەی  سەردانی ماڵە داپیریان بكەن كە لە گەڕەكی نەورۆزە لە سۆران، بەڵام بەداخەوە هەر لەسەر رێگای گشتی دیار نامێنن و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە".

 ئەزوەر گومان دەكات هەردوو برازاكەی لەلایەن باندێكەوە رفێندران و دەڵێت: "بەپێی جۆری دیارنەمانەكەیان دەردەدەكەوێ‌ كە زیلان و زریان رفێنراون، بۆیە تەواوی دامودەزگا ئەمنییەكانی ناوچەكەمان ئاگادار كردووەتەوە. هەر شوێنێك بیرمان بۆی چووبێ سەردانمان كردووە".

باوكی زیلان و زریان پێشمەرگەیە، كاتێك منداڵەكانی دیار نەماون ئەو لە گوند بووە، بۆیە تا ئێوارە كە باوكیان گەڕاوەتەوە، ئەوكات هەستیان بە دیارنەمانی ئەو دوو منداڵە كردووە. هەروەك ئەزوەر باسی دەكات "كەوتینە سۆراغ پرسینیان، هەروەكو ئەوە وایە كە زەوی قووتی دابن"، ئەزوەر گوتیشی "كێشەمان لەگەڵ كەس نییە و ئەوەندەش دەوڵەمەند نین بڵێین بۆ پارە رفێنراون، ئەو رۆژەش كە لە ماڵەوە چوونەتە دەرەوە نەك هیچ كێشەیەكیان نەبووە، بگرە زۆر دڵیان خۆش بووە و خۆیان گۆڕیوەو جلوبەرگی جوانیان لەبەر كردووە لە خۆشی ئەوەی سەردانی ماڵە نەنكیان دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا پێشتر هیچ حاڵەتێكی رفاندن لە گەڕەكەكەی ئێمە نەبووە، بەڵام هەموو رێگاكانی دیارنەمانی ئەو دوو منداڵە ئەوەمان پێ دەڵێن كە رفێنرابن".

وەك ئەزوەر باسی دەكات، زیلان و زریان كاتێك چوونەتە دەرەوە مۆبایلیان پێبووە، بەڵام لەو كاتەوەی دیارنەماون، مۆبایلەكانیشیان داخراوە.

مامی زیلان و زریان لە رێگای (تۆڕی میدیایی رووداو)ەوە داوا لە خەڵك دەكات خۆیان بە خاوەنی ئەو دوو منداڵە بزانن و لە هەر شوێنێك ئەوانیان بینیبێ‌ یان زانیارییان لەبارەیانەوە هەیە پەیوەندی بە دەزگا ئەمنییەكانەوە بكەن، یان لە رێگەی ئەو ژمارە مۆبایلەوە (07501996464) ئەوان ئاگادار بكەنەوە.

ئاسایشی سۆران: نەڕفێنراون

عەمید محەممەد موهاجیر، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوشاری سۆران رەتیكردەوە ئەو دوو مێردمنداڵە رفێنرابن و لە لێدوانێكدا بە (رووداو)ی راگەیاند: "دۆسیەكەیان لەلای پۆلیسە و لەژێر لێكوڵینەوەدایە، بەڵام هەموو سەرداوەكان ئەوە دەردەخەن كە منداڵەكان نەڕفێنراون، بەڵكو دایكەكەیان كە خەڵكی باكووری كوردستانە، منداڵەكانی بردووە و ئەو شارەشی جێهێشتووە، بڕێك پارەشی لەگەڵ خۆی بردووە، بۆیە ئەوەی دەگوترێ لە بارەی رفاندنی ئەو دوو منداڵەوە دوورە لە راستی و ماوەیەكی دیكەش راستیی رووداوەكە دەردەكەوێت".