رووداو - هەولێر
شاندێکی کوردانی ئێزدی سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و داوای کورسی کۆتا بۆ خۆیان "وەک پێکهاتەیەکی ئایینی دەکەن".
شاندەکەی جڤاتی رۆحانی کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ جەعفەر ئیبراهیم، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە و داواکانی خۆیان رادەستکردووە، ئەویش بەڵێنیداوە ئەو داواکارییە بخەنە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.
هاوکات سەرۆكی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستانیش لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستانی كردوە، پێشنیازدەكات "سێ كورسی كۆتا بۆ ئێزدییەكان وەك ئایینێكی جیاواز دابنرێت".
زیا بترۆس، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، وەك ئەركێكی سەرشانی چەند پێشنیازێكی بۆ پەرلەمانی كوردستان كردووە، کە یەکێک لەوانە دانانی سێ کورسی کۆتایە بۆ کوردانی ئێزدی.
سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ گوتی "ئێزدییەكان لە شەڕی داعشدا رووبەڕووی نەهامەتی زۆر بوونەتەوە، راستە ئەوان وەك نەتەوە كوردن، بەڵام ئایینێكی جیاوازیان هەیە، بۆیە دەبێت پەرلەمانی كوردستان یاساكەی هەموار بكاتەوە و سێ كورسی كۆتا بۆ ئەوان دابنێت".
زیا بترۆس باسی لەوەشكرد، پێشنیازی ئەوەی كردووە تۆمارێكی دەنگدەران تایبەت بە ئایین و پێكهاتە جیاوازەكان دروستبكرێت. گوتیشی "بۆ پاراستنی دەنگەكانیان و دووربوون لە هەر دەستوەردانێكی حیزبی، پێویستە لە رۆژێكی جیا و دیاریكراودا هاوشێوەی دەنگدانی تایبەت، پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان دەنگ بدەن".
لە پەرلەمانی كوردستان پێكهاتەی مەسیحییەكان كە بریتین لە كلدان و سریان و ئاشووری خاوەنی پێنج كورسی كۆتان، نەتەوەی توركمانیش پێنج كورسییان هەیەم ئەرمەنەكانیش خاوەنی یەک كورسی كۆتان.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ