رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی تربەسپیی بەردەڕەش، سەیری سەربانی هەر ماڵێک دەکەی، سۆلەر پانەڵ دانراوە، ئەوان لە رێگەی تیشکی خۆرەوە بەشێکی پێویستییان بە کارەبا دابین دەکەن و دەڵێن 'ئیسراحەتمان کردووە."
خەڵکی گوندەکە ماوەی دوو مانگە دەستیان بە دانانی سۆلەر پانەڵ کردووە. جەلال عیسا، موختاری گوند بە رووداوی گوت "هەرکەسێک بەپێی داهاتی خۆی دایناوە؛ هەیە بە 1500 دۆلار، هەیە بە 1200 و هەشە بە بەهای دوو هەزار و 800 دۆلار."
باس لەوەش دەکات ئەو، مانگانە زیاتر لە 100 دۆلاری بە کارەبا داوە، کارەبای موەلیدە زۆر پێویست بوو بۆ گوندەکەیان، بەڵام گاز و خەرجیی زۆری هەبوو.
ئێستا تربەسپی 35 ماڵ لەخۆدەگرێت، بە گوتەی هاونیشتمانییەکی گوندەکە، نزیکەی 50 ماڵ بەهۆی رەوشی کارەبا لە گوندەکەیان باریان کردووە، بۆ ئەوەی هەمووشیان چۆڵی نەکەن، پەنایان بردووەتە بەر دابینکردنی کارەبا لەڕێگەی تیشکی خۆرەوە.
حاتەم عەزیز، دانیشتووی تربەسپی دەڵێ بەهۆی رەوشی کارەبا، پزیشک و بەشی پزیشکی لە گوند نەبوو، ئەوان چەند باریان دەکرد، رەوشی ژیانمان زەحمەتتر دەبوو، بۆیە ناچاربووین ئەو سۆلەر پانێڵانەمان دانان."
باسی لەوەش کرد لەوەتەی بەو سیستمە کارەبا دەستدەخەن "شەو و رۆژ کارەبامان نەبڕاوە، هەرکاتێک کارەبای نیشتمانی هەبێت، کارەبای نیشتمانیمان هەیە، کە نەشبوو، سیستمەکە کاردەکات."
بەهای دانانی هەر پانێڵێک لەگەڵ پاترییەکەی، زیاتر لە 320 دۆلارە.
پێشتر دەنگی بانگ بە بوون یان نەبوونی کارەبا بەسترابوو، بەڵام ئێستا مزگەوتەکە سیستەمی سۆلەر پانەڵی بۆ دانراوە و دەنگی بانگ لە هەر پێنج کاتی نوێژدا، دێت. دەرگای مووەلیدەی گشتیی گوندەکەش لەگەڵ دانانی سۆلەر پانەڵەکان، گاڵە (قوفڵ) دراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای بەردەڕەش کارەبا بۆ چوار ناحیە و 100 گوند دابین دەکات، یەکێک لە سوودەکانی ئەو سیستمەش ئەوەیە؛ ئەو کارەبایەی زیاد دەبێت، دەچێتەوە نێو تۆڕی نیشتمانیی کارەبا.
ئیبراهیم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری تەکنیکیی کارەبای بەردەڕەش دەڵێ سیستمەکە بارگرانییان لەسەر سووک دەکات و "سیستەمی پێوەری زیرەکی کارەباش هاوکارە بۆ ئەوەی ئەو کارەبایەی لە سیستمی سۆلەر پانەڵەکان زیاد دەبێت، بگەڕێتەوە، لەبەرامبەردا پارەی کارەبا لەسەریان کەمتر دەبێتەوە."
خەڵکی گوندی تربەسپی دەڵێن دوای ئەوان، هاونیشتمانییانی گوندەکانی دیکەی دەوروبەریان لەوانە گردەپان، شێخەلک و گەلوکا، بەنیازن سیستمی سۆلەر پانەڵ دابنێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ