قایمقامی دەربەندیخان: 10 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوکردنی پاڵاوگەی ئاوی شارەکە تەرخانکراوە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای دەربەندیخان رایدەگەینێت، بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوکردنی پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی شارەکە تەرخانکراوە و ئەگەر گرفت دروست نەبێت سەرەتای ساڵی داهاتوو پرۆژەکە تەواو دەبێت. دەشڵیت، قەزاکەیان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و شارەوانییەوە فەرامۆشکراوە.
سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات؛ باسی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری قەزای دەربەندیخانی کرد: "لەدوای ناڕەزاییەکانی خەڵکی دەربەندیخان، کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆی هاتە سەرهێڵ و بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوکردنی پاڵاوگەی ئاوی شارەکە تەرخانکرا."
قایمقامی قەزای دەربەندیخان گوتیشی، پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان دەستی بەکارکردن کردووەتەوە و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانەوە بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەکە تەرخانکراوە، پرۆژەکە پێشتر 50٪ی تەواوکرابوو، ئێستا لەماوەی یەک مانگی رابردوودا کارکردن تێیدا گەیشتۆتە نزیکەی 60٪ و ئەگەر گرفتی دارایی بۆ پرۆژەکە دروست نەبێت لە سەرەتای ساڵی داهاتوو پرۆژەکە تەواو دەکرێت.
گوتیشی، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجیکاری پرۆژەکە کراوە، قۆناخی یەکەم؛ پێنج ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیاکە تەرخانکراوە، ئەو پێنج ملیۆنەکەی دیکە حکومەت بە پێشینە بۆی خەرج دەکات.
قایمقامی شارەکە دەڵێت، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا دەربەندیخان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و تەندروستییەوە فەرامۆشکراوە و هیچ پرۆژەکەی خزمەتگوزارییان ئەوتۆیان بۆ شارەکە جێبەجێنەکردووە، ئەوەی کراوە بە هەوڵی ئیدارەی قەزاکە بووە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە.
سلێمان محەممەد گوتیشی، لەماوەی رابردوودا پرۆژەیەکی تۆڕی ئاوی خواردنەوەمان بۆ گەڕەکی دەرسیم جێبەجێکرد بە گوژمەی 500 ملیۆن دینار لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای سلێمانی.
گوتیشی، دەروازەی دەربەندیخان لە تۆنێلەکەوە بۆ فلکەی پەری دەریا و دەروازەی باشووری دەربەندیخان بە چەند قۆناخێک نۆژەنکراوەتەوە بە بڕی 500 ملیۆن دینار، تەرخانکردنی بڕی 160 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردەنەوەی رێگەی دەربەندیخان- زەڕایەن، هەروەها بڕی 40 ملیۆن دیناریش بۆ رێگەی گوندەکانی ناوچەی تاوگۆزی خەرج بکرێت.
قایمقامی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەکرد، لە 2017ـەوە هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی گشتیی دەربەندیخانن بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانی پێگەیشتووە و نەشتەرگەری تێدا ناکرێت، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار سەردانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانییان کردووە، بەڵام ئامادەنین دەرخستەیەکیشی بۆ بکەن.