رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی باتێل لە سنووری پارێزگای دهۆک لەسەر ئەرکی خۆی 305 داری چاندووە و دەڵێت، خۆیشی چاودێریی دارەکان دەکات و بەردەوامیش دەبێت.
دڵشاد ئەکرەم، باوکی سێ منداڵە و سێ ساڵە دەستی بەو کارە کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەرەتا هاوژینەکەی هەندێک کێشەی هەبوو و، دەیگوت: تۆ پارەی منداڵەکان بە دارچاندن دەدەیت، بەڵام دواتر کە سەیری کرد کارێکی باشە، دەستخۆشی کرد و گوتی بەردەوامبە. دەشڵێت، "ئەو دارانەی دەیچێنم زۆرینەیان بەرهەمدارن و لەسەر شەقامە سەرەکییەکانە."
ئەو هاونیشتمانییە چەندین جۆری دار دەچێنێت، هەندێک لەو دارانە بەرهەمیان گرتووە و سوودی بۆ خەڵك هەبووە.
دڵشاد ئەکرەم باسی لەوە کرد، "خۆم رۆژانە چاودێریی دارەکان دەکەم، دار وەکو منداڵێکی ساوایە، ئەگەر ساڵی یەکەم چاودێریی نەکەیت، بەرهەمێکی باشی نابێت."
لە 5 ساڵی رابردوودا رێژەی سەوزایی لە ناحیەی باتێل گەیشتووەتە 50٪، بەشی زۆری ئەو زیادبوونەی رێژەی سەوزایش بەهۆی کارە خۆبەخشەکانی دڵشادەوە بووە.
ئیدریس عەبدوڵڵا، سەرۆکی شارەوانیی باتێل کارەکانی دڵشاد بە "نموونە و زۆر گرنگ" ناودەبات و دەشڵێت، "بە ئەرکێکی پیرۆز دەیبینین، جگە لە کاری خۆی کە وەکو گرێبەست لە شارەوانی کار دەکات، چاندنی ئەو دارانەش کارێکی پیرۆزە و وادەکات رێژەی سەوزایی زیاتر بکات و زۆر دڵخۆشین بەوکارە."
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، دەیەوێت بەردەوامی بەوکارەی بدات و داواش دەکات ئامێری پێویست و شەتڵی داری بۆ دابین بکرێت بۆئەوەی هەموو شەقامەکانی ناحیەکە سەوز بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ