رووداو دیجیتاڵ
جەبار دەیان تۆن خەیاری بەسەردا ماوەتەوە؛ لەکاتێکدا دەبوو ئێستا سەرجەمی بەرهەمەکانی لە ئۆتۆمبێل باربکردبا و رەوانەی باشوور و نێوەڕاستی عێراقی بکات؛ بەڵام رێگریی بازگەکانی عێراق لە هەناردەی بەروبوومی کشتوکاڵی، زیانی گەورەی بە جەبار و تەواوی جووتیارانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
کۆتاییەکانی مانگی ئایار کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خەیار و سەوزەواتە؛ ئەو رێگرییانە لە بازگەکان وادەکات قازانجی جووتیاران "سەری مایە بخوات."
جەبار محەممەد جووتیارێکی سنووری کەرکووکە و دەڵێت: "نازانم بۆچی ئەو جیاوازییە دەکەن، خۆیان دەڵێن کە سلێمانی و هەولێر لەگەڵ بەسرە جیاوازی نییە، ئەی بۆچی رێگەیان لە ئێمە داخستووە؛ ئەوەتا نزیکەی 15 جووتیارین، خەیارمان هێناوە و رێگری دەکەن، بە نرخی هەرزانیش هەر ناڕوات."
لە بەردەم بازگەی چیمەن لە سنووری کەرکووک چەندین ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کە خەیار و بەروبوومی دیکەی سەوزەیان لە سلێمانییەوە بارکردووە، وەستاون و رێگەی تێپەڕبوونیان پێ نادرێت. بازگەکە بە شۆفێرەکانی گوتووە، تێپەڕبوونی بەربوومی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی دیکەی عێراق قەدەخەیە. بەشێک لە شۆفێرەکانیش سزادراون.
وسام شۆفێرە و خەڵکی بەغدایە، بەروبوومی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بارکردووە تاوەکو بیبات بۆ شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق؛ دەڵێت: بەروبوومی هاوردەی تورکیا و ئێران تێدەپەڕێت، بەڵام سەوزەی ئێرە [هەرێمی کوردستان] تێناپەڕێت، ئێمە هیچمان بارنەکردووە جگە لە بەروبوومی نێوخۆ، ئیدی ئەمە کێشەی چییە؟
بیلالیش شۆفێرێکی دیکەیە و خەڵکی دیالەیە؛ دەڵێت: "زیانمان زۆرە، ئەگەر لە ماوەی رۆژێکدا نەڕوات دەبێت فڕێبدرێت، ئەمە هاوردە نییە، نووسراوی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانمان پێیە، دەچیتە بازگەکە دەڵێن: بەروبوومی کوردستان ناڕوات."
ئۆتۆمبێلەکان دوای مانەوەیان بۆ ماوەی دوو رۆژ لەبەردەم بازگەی چیمە، بە ناچاری گەڕانەوە سلێمانی؛ چونکە بڕیارەکە لە سەرجەم بازگەکان جێبەجێ دەکرێت و رێگەی دەرچوونی بارەکان نییە.
ئەفسەرێکی بازگەکە بە رووداوی راگەیاند، ئەوان تەنیا لایەنی جێبەجێکارن، نووسراوی کشتوکاڵیان ئاراستەکراوە و پێیان گوتراوە هێنانی هەموو بەرهەمێکی سەوزە و میوەی هەرێمی کوردستان قەدەخەیە. بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووکیش بە رووداوی گوت: لەسەر بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ ئەو کارە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ