بێگەرد تاڵەبانی: ئەمساڵیش بەغدا غەدری لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان کرد

25-05-2023
پەیمان محەممەد
بێگەر تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
بێگەر تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
نیشانەکردن بێگەرد تاڵەبانی گەنم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، 375 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد، دوو کۆمپانیای گەورە لە کەرتی تایبەتیش ئامادەن گەنمی جووتیاران بە نرخێکی باش بکڕنەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 25-05-2023، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، 375 هەزار تۆن گەنم، لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردگرێت.
 
 
ئەوە لەکاتێکدایە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق جیاوازیی زۆری هەیە و رێژەی بارانبارین زیاترە و رەنگە بەرهەمی گەنمی جووتیارانیش لەو رێژەیە زیاتر بێت کە دیاریکراوە.
 
بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت، ''چاوەڕێمان دەکرد حکومەتی فیدراڵی، وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام بەداخەوە دەکرێت بڵێم هەموو ساڵێک غەدرێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە بۆ وەرگرتنی گەنم رێژەمان بۆ دیاری دەکەن.''
 
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لە رێککەوتنەکەیاندا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەوەش هاتووە ئەگەر جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی ئەو رێژەیەی کە بۆیان دیاری کراوە بەرهەمیان هەبوو، ''دەبێ لەسەر بڕی دووەمی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران رێکبکەوین کە زیاد بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بازاڕ بۆ بەرهەمی گەنمی خۆیان بدۆزنەوە.''
 
مام عەبدوڵڵا، جوتیارێکی شارەزوورە و قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی "رازی نین بەو بڕە گەنمەی ئەمساڵ لە سایلۆکان لێمان وەردەگرن، ئەمساڵ گەنم بەشێوەیەکی زانستی تۆو کراوە، بەشێوەیەکی باش باران باریوە.. ئەو گەنمەی کە لێمان وەرناگرن، دەبێت بە هەرزان بیفرۆشین".
 
ئەو جوتیارە هەروەها دەڵێ "ئێستا سایلۆ تۆنی گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگرێت، کەچی لە بازاڕ هەر 600 بۆ 650 هەزار دینار دەکات، ئەگەر بیشیکات ئەمساڵ، چونکە بەرهەمی گەنم لەخوا بەزیاد بێت، زۆرە". جەختیش دەکاتەوە لەوەی "ئەگەر پرۆسەکە بەمشێوەیە بڕوات، من پێموابێت جوتیار نیواونیو زەرەر دەکات".
 
 
بێگەرد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا باسی لەوە کرد کەرتی تایبەتیش بەشێک لە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و جەخت لەوە دەکاتەوە ''دەمانزانی دەبێ لەوبارەوە پشت بە خۆمان ببەستین، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتێکی زۆر گەورەی ئێمە بوو، بۆ ئەوەی بتوانین کەرتی تایبەت بکەینە بەشێک لە پڕۆسەی وەرگرتنەوەی گەنم لە هەرێمی کوردستان.''
 
بەگوتەی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئێستا دوو کۆمپانیای گەورە کە خاوەنی 13 کارگەی جۆراوجۆرن بۆ بەپیشەسازیکردنی دانەوێڵەی گەنم کار دەکەن کە ساڵی رابردووش بە هەمان نرخی عێراق بەشێک لە گەنمی جووتیارانیان وەرگرتووەتەوە و ئەمساڵیش لەسەر نرخێکی باش دانوستاندنیان لەگەڵ دەکرێت.
 
بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی کەرتی کشتوكاڵی لە هەرێمی کوردستان دەبێت پەرەی پێبدرێت کە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان هاوشانی نەوتە، ''زۆر جار باس لەوە دەکرێت وزەی رەش [نەوت] سەرچاوەی داهاتە بۆ کوردستان، بەڵام ئەگەر ئێمە  بنەمای کۆمەڵگەی کشتوکاڵی بۆ وڵاتەکەی خۆمان بەهێز بکەین، دڵنیام دەتوانین گەورەترین سوود بە ئاستی بژێوی ژیانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان بگەیێنین.''
 
گوتەکانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە زۆربەی جووتیاران رەخنە لە رۆتینات و پشتگیرینەکردنی حکومەت لە کەرتی کشتوکاڵی دەگرن، بێگەرد تاڵەبانی لەوبارەوە دەڵێت: ''رەنگە بەهۆی قەیرانی دارایی نەکرابێت کە بەشێوەی پێویست ئاوڕ لە جووتیاران بدرێتەوە، وەڵامدانەوەی بەشێک لە گلەییەکانیش لەوانەیە پێویستی بە کات بێت، بۆ ئەوەی ماندووبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرەکانی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەربکەون و بگەنە ئاستی بەرهەم و جووتیاران لێی سوودمەند بن.''
 
پێشتر وەزارەتی بازرگانی ‌و پیشەسازی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو ‏لە رۆژی پێنجشەممە 25-05-2023 دەرگای سایلۆكان بۆ ‏وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەكرێتەوە بۆ یەك تۆن گەنم 850 هەزار ‏دینار دیاریكراوە.‏
 
ساڵی رابردوو تۆنێک گەنمی جووتیاران بە 850 هەزار دینار وەرگیرا؛ بڕیارە ئەمساڵیش بە هەمان نرخ گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت و بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمساڵ رووبەری زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە دانەوێڵە چێندراوە. چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمی گەنم و جۆ بڕی نیو ملیۆن تۆن بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

پارتی سکاڵای لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تۆمار کرد

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە دادگەی کارگێڕی سکاڵای لەسەر‌ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تۆمار كرد؛ 16ـی تشرینی یەکەم، یەکەمین دانیشتنی دادگەیە لەبارەی سکاڵاکە.