شارەوانیی سلێمانی: بۆ دەستپێکردنەوە بە کۆکردنەوەی سەگی بێلانە چاوەڕێی بودجەین


رووداو هەولێر

گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، دوو مانگە لە وەزارەتی شارەوانی داوای بودجەیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەموکورتییانەی کە لە شەڵتەری کۆکردنەوەی سەگی بێلانە هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ دابیننەکراوە، بۆیە پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگی بێلانەیان راگرتووە و چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی شارەوانین.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-5-2022، زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 10-1-2022، شارەوانیی سلێمانی بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی سلێمانی، زەوییەكیان بە رووبەری پێنج دۆنم لە نزیك بازگەی عەربەت وەکو شەڵتەرێک بۆ لەخۆگرتنی سەگی بێلانە دابینكردووە، بەڵام هەندێک کەموکورتی تێدایە و پێویستە چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە کۆکردنەوەی سەگەکان بکرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە کەموکورتییەکان چارەسەر نەکراون، بۆیە پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە سلێمانی راگیراوە.
 
بەگوتەی گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کەموکورتییانە بکەن و دووبارە دەست بە کۆکردنەوەی سەگی بێلانە بکەن، نزیکەی دوو مانگە داوای بودجەیەکیان لە وەزارەتی شارەوانی کردووە، "بەڵام هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە". گوتیشی، بۆ ئەوەی دەستبکەنەوە بە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان پیویستیان بە 20 کارمەند و سێ ئۆتۆمبێلە کە ئەوە لە لایەن شارەوانی سلێمانییەوە دابینکراوە.
 
ئەو شەڵتەرەی کە رووبەری پێنج دۆنم زەوییە، بەگوتەی گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی نزیکەی سێ هەزار سەگ لە خۆدەگرێت و ئێستا نزیکەی 300 سەگی تێدایە.
 
زەردەشت رەفیق لە بارەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی سەگی بێلانە لە سلێمانی گوتی، "ئێستا مەترسی زیاتریان دروستکردووە لە هەموو جێگە و کۆڵان و گەڕەکەکانی سلێمانی سەگی بێلانە دەبینرێت، کە زیانیان بۆ هاونیشتمانییان هەیە و هەندێ کات هاونیشتمانییانیش زیان بەوان دەگەیێنن." 
 
دیارترین ئەو رووداوانەی کە 16-5-2022 بەهۆی پەلاماردانی سەگ لە سلێمانی دەنگدانەوەی بە دوایخۆیدا هێنا، پارچە پارچەکردنی لیای 10 ساڵان بوو لە لایەن سەگی پۆلیسییەوە کە لە ماڵەوە دەردەچێت و چووبووە باخی ماڵی دراوسێیەکیان کە سەگی پۆلیسییان هەیە، ئەوانیش پەلاماری دەدەن و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، لیا گیانی لەدەستدا.