ئایدن مەعرووف: پێشنیازی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریی پێکهاتەکان لەناو هێزی پێشمەرگە زۆر پێویستە
رووداو هەولێر
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریپێکردنی پێکهاتەکان لە هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت، ئەو بەشداریپێکردنە وادەکات پێکهاتەکان هەست بەوە بکەن هاووڵاتیی راستەقینەی هەرێمی کوردستانن.
رۆژی سێسەممە 24-5-2022 ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی کۆڕۆژی رووداو بوو و رایگەیاند: "پێشنیازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردنی پێکهاتەکان لەناو هێزی پێشمەرگە زۆر گرنگە، هێزی پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانییە و ئێستا بەشداریکردنی پێکهاتەکان لەو هێزەدا گرنگە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو بابەتەدا جیددییە، ئەو لە هەموو کاتێکدا پشتیوانی مافی پێکهاتەکانی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کردووە".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "بەشداریپێکردنی پێکهاتەکان لە بڕیارە سیاسییەکان و لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران، کارێکی باشە و پێویستە زیاتر گرنگی و پەرەی پێبدرێت بۆ ئەوەی ئەو بەشداریپێکردنە بە شێوەیەکی کارابێت، پێش راپەڕین تورکمان، کلدان، سریان و ئاشووری لە شۆڕشەکانی کوردستاندا بەشداربوون و لە راپەڕینیشدا لەگەڵ پێشمەرگە بەشدارییان کردووە".
بە گوتەی ئایدن مەعروف: "بوونی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا گرنگە و بەشدارییان لە هێزی پێشمەرگە و کەرتی ئاسایشدا لەڕووی مەعنەوییەوە زۆر گرنگە، بەوەی هیچ جیاوازییەک لەنێوان هاووڵاتییان بە هەر رەنگ و بۆچوونێکەوە نییە و لە ئەنجامدا هەموویان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانن، بۆیە ئەو پێشنیازەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێجگار گرنگە و پێویستە کاری لەسەر بکرێت".
ئایدن مەعرووف پێیوایە، لە هەرێمی کوردستان پێکەوەژیانێکی باش و بەهێز هەیە، ئەو پێکەوەژیانە بەرەوپێش دەڕوات و گرنگی پێدەدرێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کولتووری یەکترقبووڵکردنی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان.
لەبارەی رێژەی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لەناو هێزی پێشمەرگە و هێزە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعرووف رایگەیاند: "بەشێوەیەکی فەرمی داتایەک نییە بۆ ئەوەی بزانین رێژەی بەشداریپێکردنی پێکهاتەکان لە هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ چەندە، بەڵام لەگەڵ هێرشی داعش بۆ موسڵ و شنگال و دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکە، لەناو هێزی پێشمەرگەدا هێزی تایبەت بۆ کاکەیی و ئێزدی و کریستیانەکان دروستکران، تەنانەت داواکرا هێزی تایبەت بۆ پێکهاتەی تورکمان لە ناوچەکانی موسڵ و تەلەعفەر دروستبکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بەیەکەوە بەرگریی لەو ناوچانە بکەن".
هەروەها باسی لەوەش کرد، "راستە داتایەک بەردەست نییە بۆ ژمارەی بەشداریکردنی پێکهاتەکان، بەڵام پێکهاتەکان لە هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆدا، هەم لە پۆلیس و هەمیش لە ئاسایشدا بەشدارن، ئەمەش بابەتێکی زۆر باشە و دەبێت ئەو ئامادەییە چالاکتر و زیاتریش بکرێت".
بۆ ئەوەی بە کردەیی کار لەسەر پێشنیازەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئایدن مەعرووف دەڵێت: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان کارێزمایەکی سیاسیی بەهێزە و لەناو کەسایەتییە سیاسییەکاندا وەک کەسێکی میانڕەو ناسراوە و بەردەوام بەرگریی لە پێکەوەژیان و مافی پێکهاتەکان کردووە، ئەو پێشنیازەی لەم کاتەدا زۆر گونجاو و پێویستە، دەبێت لە داهاتوودا بە شێوەیەکی کردەیی و بە جیددی کاری لەسەر بکرێت و بە راوێژ لەگەڵ لایەنی سیاسیی پێکهاتەکان، پشتیوانی ئەوانیشی بخرێتە پاڵ بۆ بەشداریپێکردنی ئەو پێکهاتانە لەناو هێزە ناوخۆییەکان و وەزارەتی پێشمەرگەدا".